سازمانی دیموکراتیکی یارسان داوای بەئەندامبوون لە ''هاوپەیمانیی کوردستانی'' دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شورای ناوەندیی سازمانی دیموکراتیکی یارسان (سدی) کە رێکخراوێکی سیاسیی کوردییە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا رەخنە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئەندام لە ''هاوپەیمانیی کوردستانی'' دەگرێ و دەڵێت، ئامادەی قبووڵکرنی ئەوان لە هاوپەیمانییەکەدا نەبوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''سازمانی دیموکراتیکی یارسان لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتیدا، لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندین جار هەوڵی دروستکردنی دیالۆگ، هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان حیزبە کوردییەکانی داوە و دەرگەی دیالۆگ و پەیوەندی بە رووی هیچ حیزب و رێکخراوێکی سیاسیدا دانەخستووە، بەڵام ئەم حیزبانە لە کردەوەدا، ئامادەی قبوڵکردنی ''سدی'' نەبوون لە پڕۆسەی پێکهێنانی هاوپەیمانییە نوێیەکەدا.''
 
رۆژی 23ی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، پێنج حیزب و لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بریتین لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ''هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران''ـیان راگەیاند و دواتر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش چووە نێو هاوپەیمانییەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەی شورای ناوەندیی سازمانی دیموکراتیکی یارساندا ئەوەش هاتووە، حیزبەکانی ئەندام لە هاوپەیمانییە کوردستانییەکەدا، داواکارییە فەرمییەکانی "سدی"ـیان پشتگوێ خستووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بەر لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، "سدی" داواکاریی فەرمیی بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی هاوکاری و هەبوونی راگەیێندراوی هاوبەش بۆ حیزبەکانی نێو هاوپەیمانییەکە ناردووە، ''بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەرێنیمان وەرنەگرتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حیزبەکانی نێو ئەم هاوپەیمانییە کوردستانییە، خۆیان جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی گەورەیان پێکەوە هەیە.''
 
هاوکات مەنوچێهر عەزیزی، ئەندامی شورای ناوەندیی سازمانی دیموکراتیکی یاراسان لەوبارەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر داوایان لێ بکرێ بچنە نێو هاوپەیمانییەکەوە، ''پێویستە سەرەتا ئێمە ئەو پێڕەوەی کە [هاوپەیمانییەکە] لەسەری رێککەوتوون، ببینین و بیخوێنینەوە، ئینجا سازمانی دیموکراتیکی یارسان لەوبارەوە بڕیار دەدات کە چۆن لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە مامەڵە بکات.''
 
رەخنە و داواکاریی سازمانی دیموکراتیکی یارسان لە ''هاوپەیمانیی کوردستانی'' لەکاتێکدایە کە پێچەوانەی (سدی)، سەرجەم حیزبەکانی ئەندام لەو هاوپەیمانییەدا باڵی سەربازی یان هێزی پێشمەرگەیان هەیە. 
 
سازمانی دیموکراتیکی یارسان (سدی)، رێکخراوێکی سیاسیی سەربەخۆیە کە بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی شەشەمی خۆی، کار بۆ مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی یارسان لە ئێران دەکات. ئەم رێکخراوە ''ئازادی، یەکسانی، ئامانجی یارسانی''ی بە دروشمی خۆی هەڵبژاردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە

نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم: تەمەنێکی درێژی لەپێناو مافە رەواکانی گەلی کورد بەسەربرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی لەبارەی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، "ئەو سیاسەتڤانە کوردە تەمەنێکی درێژی لەپێناو خەباتی سیاسی و ناساندنی مافە رەواکانی گەلی کورددا بەسەر برد".