رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئێسکەی لە ئەنجامی بارانبارین و لافاو لە گەرمیان دەرکەوت، برایە مۆزەخانەى گەرمیان بۆ ئەوەى تیمێکى هاوبەش توێژینەوەی لەسەربکات تاوەکو بزانرێت تەمەنى چەندە و ئێسکى چى ئاژەڵێکە.
11ى نیسانى 2024، ساڵح محەممەد سەمین، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى گەرمیان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو ئێسکە گەورەیەى کە ماوەیەک لەمەوبەر لە گەرمیان دۆزرایەوە، لە زانکۆى سلێمانى وەرگیراوەتەوە و لە مۆزەخانەى گەرمیان دانراوە".
ساڵح محەممەد گوتی، "دواى جەژنى رەمەزان تیمێکى هاوبەشی شوێنەوار و زانکۆى گەرمیان و زانکۆى سلێمانى توێژینەوە لەسەر ئێسکەکە دەکەن".
ئەو ئێسکە 27ى ئادار لەلایەن چەند هاونیشتمانییەکەوە لە شارۆچکەی سمودى سەر بە ئیدارەى گەرمیان دۆزرایەوە کە بەهۆى باران و دروستبوونى لافاو دەرکەوتبوو.
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى گەرمیان گوتی، "چەند پشکنینێک بۆ ئەو ئێسکە دەکرێت تاوەکو بزانرێت تەمەنى چەندە و ئێسکى چى ئاژەڵێکە".
درێژیی ئێسکەکە 80 سانتیمەتر و پانییەکەى 25 سانتیمەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ