لە قەلادزێ لەسەر دزینی نەمام دوو کەس دەستگیردەکرێن

11-05-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ   

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە قەڵادزێ دوو کەس بە تۆمەتی دزینی نەمام دەستگیران. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕینیش بە رووداوی گوت، ئەو دوو کەسە چەندین نەمام و میوەی جوانکارییان بردووە.  
 
لە راگەیێندراوەکەی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، پاش ئەوەی خاوەنی نەمامگەیەک لە قەڵادزێ سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە بە گوتەی خۆی، "بە بڕی 15 هەزار دۆلار نەمامی جۆراوجۆر لە نەمامگەکەی دزراوە"، لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە دوو تۆمەتبار لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون. دوای دەستگیرکردنیانیش دەست بەسەر 105 نەمامدا گیراوە کە دزیبوویان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-5-2022، موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، ئەو دوو کەسە بە چەند قۆناخێک ژمارەیەکی زۆر داری میوە و جوانکارییان بردووە و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. 
 
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی، "لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ خەمڵاندنی نرخی ئەو نەمامانەی بردراون و  چەندێتی نەمامەکەش، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیاریکراو نرخ و چەندێتی دیاریبکەین، بەڵام هێشتا لە قۆناخی سەرەتایی لێکۆڵینەوەداین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە