رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، شەپۆلێکی بەفر و لێزمەباران ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، ئەمشەو شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت.
رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ئەنجامی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، بارانێکی مامناوەند لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەری باریوە و ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەش سپیپۆش بوون. هاوکات لە هەولێر، سۆران، رانیە و کۆیەش باران باریوە."
پێشبینییەکانی چەند رۆژی داهاتوو
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، محەممەد کەمال گوتی: "ئەمشەو و سبەی شەپۆلەکە بەرفراوان دەبێت؛ لە هەموو ناوچەکانی کوردستان باران دەبارێت و ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شارۆچکانەی لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن، سپیپۆش دەبن، لەوانەش: (شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، بارزان، مێرگەسۆر، قەرەداخ، پێنجوێن، پیرەمەگروون و ماوەت)."
ئەو شارەزایە هۆشداری دەدات لە نیوەڕۆی دووشەممەوە تاوەکو شەوەکەی، پێشبینی زۆرترین بڕی بەفر دەکرێت، نەک تەنیا لە شاخەکان، بەڵکو لە سەنتەری هەندێک شاریش، پلەکانی گەرماش بە تەواوی دادەبەزن و ئەگەری بەستن و شەختە هەیە. باران و بەفرەکەش تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئامارەکان لە زاری بەرپرسانی بەرگریی شارستانییەوە
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت: "لە دوێنێوە نزیکەی 10 حاڵەتی گیرخواردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر هەبووە. گوتیشی: "داواکارین لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت، رێگە شاخاوییەکان بەکارنەهێنن و ئەگەریش چوون، زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکان ببەستن و تاوەکو دوای کاژێر 04:00ـی ئێوارەش لە دەرەوە نەمێننەوە".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، هۆشداریی دایە هاونیشتمانیان بەتایبەتی گەشتیاران، کە سەردانی "باڵەکایەتی، حاجی ئۆمەران، سیدەکان، چیای هەڵگورد و حەسەن بەگ" نەکەن، چونکە کاریگەریی بەفربارین لەو شوێنانە زیاترە.
بە گوتەی میراودەلی، لەم شوێنانە بڕی بەفربارین بەمشێوەیەیە:
حاجی ئۆمەران: 20 بۆ 25 سانتیمەتر.
زینی وەرتێ: نزیکی 20 سانتیمەتر.
مێرگەسۆر: 8 سانتیمەتر بەفر باریوە.
هەروەها عەبدولقادر دڵشاد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە بە رووداوی راگەیاند: "لە چیای سەفین 25 سانتیمەتر بەفر باریوە، بەڵام هێشتا بەفرەکە نەگەیشتووەتە نێو سەنتەری شارەکە."
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین تایبەت بە رووداو گوتی: "لە سنووری کێلێ 20 سانتیمەتر و لە هەڵشۆ 5 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەردەوامە."
پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی دیکە
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئامارەکان بەم شێوەیە بوون:
بەرواری باڵا: 15 سانتیمەتر.
سیدەکان: 10 سانتیمەتر.
کانی ماسێ: 8 سانتیمەتر.
زینی وەرتێ: 20 سانتیمەتر.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک نزیکەی 20 سانتیمەتر بەفر باریوە.
بەرگریی شارستانی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە کاتی چوونه دەرەوە، بەتایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەکان، رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئاگاداری شەختە و بەستنی رێگەکان بن، چونکە لە دووشەممەوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
بەیانیی ئەمڕۆ، بەهۆی بەفربارینەوە، رێگەی زینی وەرتێ لە سنووری ناحیەی وەرتێ لە پارێزگای هەولێر داخرا کە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ