رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە لە هەولێر دەکرێتەوە، کە زیاتر لە 30 کۆمپانیا، نەمامگە و فەرمانگەی حکومی تێیدا بەشدار دەبن، درەخت و گوڵی جیاواز نمایش دەکرێت و هەندێکیان نرخیان دەگاتە 10 هەزار دۆلار.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، سەروەر وەیسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە چاودێریی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان، چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە، بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی چەندین نەمامگە و کۆمپانیای بواری سەوزایی و چەندین دامودەزگای حکومی بەڕێوەدەچێت.
وەک بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، زیاتر لە 30 کۆمپانیا، نەمامگە و فەرمانگەی حکومی بەشداری ئەم پێشانگەیە دەکەن، کە تایبەتە بە گوڵ و نەمام، کە بۆ جاری چوارەمە بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی سەروەر وەیسی، دار و گوڵی جیاواز نمایش دەکرێن، کە هەندێک گوڵ هەیە نرخی 250 بۆ 500 دینارە، جۆرێک داری زەیتوونیش لە ئیتاڵیاوە هێندراوە کە تەمەنی 200 ساڵە و نرخەکەی دەگاتە 10 هەزار دۆلار.
بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، پێشانگاکە لە گۆڕەپانی پارکی شاندەر، لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و ئێوارەی 17ـی مانگ کۆتایی دێت، رۆژانە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 07:00ـی ئێوارە خەڵک دەتوانن سەردانی بکەن.
لەبارەی ئامانجی ئەم پێشانگەیە، بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت، بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و ناساندنی و نمایشکردنی درەخت و گوڵی مۆدێرنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ