پەرلەمانتارێکی عێراق: وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بۆ بەغدا نانێرێت

11-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە مانگی یەکی ئەم ساڵەوە داوا لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە ناوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە رەوانەی بەغدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا رەوانەی نەکردوون. 
وەزیری شەهیدانیش رەتی دەکاتەوە ئەوان کەمتەرخەم بن.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان، قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانی بە کەمتەرخەم ناوبرد لە دۆسیەی سۆراخکردنی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کە ژمارەیان 211 منداڵە و تاوەکو ئێستاش 74 خێزانیش بە فەرمی داواکاریان پێشکێش کردووە کە منداڵەکانیان ونبوون. 
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بۆ دواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، رۆژانی 22 و 23ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ سەردانی بەغدای کرد، ئەوەش بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، دەرەوە، داد، تەندروستی، و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، هەروەها لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بوو.
 
بەگوتەی چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری پارێزگای هەڵەبجەیە لە پەرلەمانی عێراق و لە کۆبوونەوەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەشداربوو، بڕیاربوو وەزارەتی شەهیدان بە لیستێک ناوی منداڵە ونبووەکان رەوانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکات بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و شاندێکی هاوبەش بچێتە ئێران بۆ سۆراخی ئەو منداڵانە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتەکە ئەو نووسراوە و لیستەی نەناردووە.
 
تەنانەت وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات، رۆژی 21ی نیسانی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نووسراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا داوا دەکات ناو و زانیاریان لەبارەی منداڵە ونبووەکانیان بۆ رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی ئێران بە هاوئاهەنگی لایەنی پەیوەندار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەغدا بەدواداچوون بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی شەهیدان وەڵام ناداتەوە و بە فەرمی ناوەکان رەوانە ناکات. 
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پاساوی وەزیری شەهیدان ئەوەیە کە دەبێت شاندی عێراق بچێتە هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە بکەن و دەڵێت: "ئەوە هیچ پاساو نییە. پێویستە ناوەکان رەوانە بکات". 
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بابەتەکە بەو شێوەیە نییە باس دەکرێ. کارمان کردووە بۆ ئەوەی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بێنە هەولێر و لەسەر پرسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە کۆببینەوە".
 
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی: "زۆرینەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لە ئێرانن. بۆئەوەش لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق کۆبوونەوەمان کردووە. ئێستا لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆمانەوە لەسەرهێڵین بۆ ئەوەی داوا لە شاندەکەی بەغدا بکەن بێنە هەرێمی کوردستان".
بە گوتەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان تایبەت بە ونبووانی جەنگ هەیە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە منداڵانی هەڵەبجەوە نییە؛ گوتیشی: "دوای هاتنی شاندی عێراقی بۆ هەولێر، بەشێوەیەکی ورد و زانستییانە کار بۆ گەڕانەوەی ونبووانی هەڵەبجە دەکەین".
 
دوای کۆبوونەوەکان لە بەغدا، رۆژی 23-01-2025، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی کرد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بۆ ئامادەکاری و کارئاسانیی زیاتر بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵیمان کرد.'' 
 
لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆردێک بە ناوی بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان پێکهێندراوە. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی: ''بۆردەکە نوێنەرایەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە کە جیا لەم سەردانەمان بۆ بەغدا، چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و کاریگەری دیکەی لە هەرێمی کوردستان کردووە.''
 
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و بردرانە ئێران کە تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەتەوە.
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغدا ئەوەشی خستەڕوو کە ''هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەرێمێکی دەستووریی فیدراڵییە، لەبەر ئەوەی دۆسیەی منداڵە ونبووەکان لەنێوان دوو وڵاتدایە، پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەنێو پرسەکەدا بێت.''
 
کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوو رۆژی خایاند. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی ئیدارەی کۆبوونەوەکانی داوە و جیا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و باڵیۆزی عێراقیش لە ئێران لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون.
  
بەگوێرەی ئامارێکی بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان و چەندین رێکخراوی دیکە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا 211 منداڵ ون بوون کە تاوەکو ئیستا تەنیا 10 بۆ 18 منداڵ گەڕاونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.