رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: ''نزیکەی 70٪ـی بارەگاکانمان لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانە گەورە چۆڵکردووە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات؛ هێشتا کەمپی سوورداش بە تەواوی ئامادەنەکراوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری بارەگاکانیان بگوازنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-05-2025، نەوید مێهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی گواستنەوەی ماڵ و بارەگاکانیان بۆ کەمپی سوورداش رایگەیاند: ''قسەیەک هەبوو کە دوێنێ (شەممە) دوایین وادە بێت، بەڵام وەک دوایین وادە جێبەجێ نەکرا و هێشتا دەرفەت ماوە.''
لە ناوچەکانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لە نزیک سلێمانی، حیزبەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمیونست ئێران (کۆمەڵە)، کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران چەندین بارەگایان هەیە و نزیکەی دوو ساڵە داوای چۆڵکردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەکرێت.
بەگوتەی نەوید مێهراوەر، ''هیچ وادەیەک بۆ چۆڵکردنی [یەکجاریی] بارەگاکانمان دیاری نەکراوە، بەڵکو ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئامادەبوونی کەمپی سوورداشەوە هەیە کە پێویستە هەموو پێداویستییەکانی ژیانی تێدا ئامادە بکرێت، ئینجا ئێمەش ئەو خەڵک و هاوڕێیانەمان بگوازینەوە کە لە بارەگاکاندا ماون.''
گواستنەوەی ماڵ و بارەگاکانی کۆمەڵەکان لەو ناوچانەی سلێمانییەوە بۆ کەمپی سوورداشە لە قەزای دووکانی پارێزگای سلێمانی. وەک ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی، نزیکەی 70٪ـی ماڵ و بارەگاکانیان گواستووەتەوە بۆ سوورداش، ''بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 50٪ـی کەمپەکە ئامادە کراوە.''
گواستنەوەی کۆمەڵەکان بۆ سوورداش لە چوارچێوەی رێککەوتنی بەغدا- تارانە کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە. نەوید مێهراوەر گوتی: ''نامانەوێت دوای چەند ساڵ پێکەوەبوون لە باشووری کوردستان، ناخۆشی یان کێشەیەک دروست بێت، بۆیە گوتوومانە بەسەرچاو، مادەم لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقدایە و هەرێمی کوردستانیش جێبەجێکارە، ئێمە رووبەڕووی دۆستانی خۆمان لە باشووری کوردستان نابینەوە.''
وەک ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: ''تەنیا داوای ئەوەمان کردووە کە هەموو پێداویستییەکان (لە کەمپی سوورداش) دابین بکەن، ئەوەی کە شیاوی ژیانی مرۆڤە، ئێمە بارەگاکانمان دەگوازینەوە.''
نەوید مێهراوەر لەبارەی چۆڵکردنی یەکجاریی زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانە گەورە ئاماژەی بەوەش کرد: ''هەر کات بە تەواوی کەمپی سوورداش ئامادە کرا، ئەو کات ئێمەش [بە تەواوی] بارەگاکانمان چۆڵیان دەکەین.''
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکان لە کەمپەکەدا باسی لەوە کرد: ''هێشتا بە گوێرەی پێویست، خانوو لە کەمپی سوورداش دروست نەکراون؛ بەشێکی زۆری خەڵکەکەمان لە کابینەکاندان، هەروەها قوتابخانە، باخچەی منداڵان و رێژەی سەوزایی تێدا رێکنەخراوە، بەڵام خەریکن کاری تێدا دەکەن.''
نەوید مێهراوەر گوتی: ''لەوانەیە شێوەی گواستنەوەمان بە دڵ ئێمە نەبێت. ئەو ناوە ناوە گواستنەوەیە کاریگەریی خراپی لەسەر کۆمەڵەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بۆیە ئەمەمان پێ خراپە و ئەگەر کەمپەکە بە تەواوی ئامادە بووایە، بە یەک جار دەمانگواستەوە و هیچ کێشەیەکمان نەدەبوو.''
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ