رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانیە هەڵمەتێکی بۆ لەنێوبردنی ئەو زەوییانە دروستپێکردووە کە سەوزەیان تێدا کراوە. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، بەهۆی ئاودانی زەوییەکانەوە بە ئاوی پیس و بینینی پاشەڕۆ بە رەگی سەوزەکانەوە، نزیکەی 200 دۆنم زەوی بە سەوزە چێنراویان لەنێوبردووە.
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی ئاودانی سەوزەی زەوییەکانەوە بە ئاوی قورس (ئاوی پیس) نزیکەی 200 دۆنم زەوی بە سەوزە چێنراومان جارێکی دیکە کێڵایەوە؛ رەگی سەوزەکان پاشماوەی پاشەڕۆیان پێوەدیاربوو".
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانیە دەڵێت، بەشێک لە خاوەن زەوییەکان بیری ئاویان هەیە بۆ ئاودانی زەوییەکانیان، بەڵام دەچن ئاوی پیس بەکار دەهێنن؛ گوتیشی، "ئاودانی سەوزە بە هەموو شێوەیەک بە ئاوی پیس قەدەخەیە، چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبووەنەوە و گواستنەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر".
کارزان سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمڕۆ بەدواوە رێگە بە سەوزەی شارەکانی دیکە نادەن لە رانیە بفرۆشرێت و گوتی، "سەوزەی سنووری رانیە لە خانووی پلاستیک و لە دۆڵی شاورێ بەرهەم دەهێندرێت و زیاترە لە پێداویست نێوخۆ، بۆیە رێگە نادەین لەمەودوا سەوزەی شارەکانی دیکە بهێندرێتە رانیە لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاونیشتمانییان".
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانیە ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام چاودێریی بەرهەمهێنانی سەوزە دەکەن و گوتی، ئەو سەوزەی لە رانیە یان هەرشوێنێک دەکرێت، دەبێت لەکاتی دەرمانکردنی مێرووە زیانبەخشەکاندا بۆ ماوەی 40 رۆژ بەرهەمی لێنەکرێتەوە، چونکە تەندروست نییە بۆ خواردن.
کارزان سلێمان باسی لەوەشکرد کە سەوزەی پاک و نێوخۆیی مانەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش ئاساییە و بۆ خواردن شیاوە، بەڵام سەوزەیەک بە ئاوی پیس ئاوبدرێت لە ماوەی دوو رۆژدا بۆنێکی "زۆر پیس"ی لێدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ