وەزیری خوێندنی باڵا: 190 ملیارمان بۆ کەسوکاری خوێندکاران گەڕاندووەتەوە

11-07-2023
سۆران حوسێن
د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، لە کابینەی نۆدا بەهۆی داشکاندنی کرێی خوێندنی پارالێڵەوە نزیکەی 190 ملیار دیناریان بۆ کەسوکاری خوێندکاران گەڕاندووەتەوە. گوتیشی، سێ ساڵە کورسیی خوێندن بۆ تەواوی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دابین دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە 35 هەزار خوێندکار، زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە ئامادە بوون و گوتاریان پێشکێش کرد.
 
عەلی تەتەر گوتی، راستە زانکۆکە لە ئاکرێ کراوەتەوە، بەڵام بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە و قوتابییان دەتوانن تێیدا بخوێنن، نەوەکو تەنیا خەڵکی ئاکرێ و بەردەڕەش.
 
لە رێوڕەسمەکەدا د. ئارام قادریش گوتی، لە کابینەی نۆیەمدا کرێی خوێندنی پارالێڵیان 45% کەمکردووەتەوە و بەهۆیەوە ساڵی یەکەم 60 ملیار دینار، ساڵی دووەم 63 ملیار دینار و ئەمساڵیش 67 ملیار دیناریان بۆ کەسوکاری خوێندکاران گەڕاندووەتەوە.
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لە سێ ساڵی رابردوودا ساڵانە 100%ـی هەموو دەرچووانی ئامادەیی وەرگیراون و دەرفەتی خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ رەخسێندراوە. گوتیشی، "دەرفەتی خوێندنی باڵامان رەخساندووە و مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ جارێکی دیکە دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ خوازیاران رادەگەیێنین".
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە چوار ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەم و وەزارەتەکەی کرد و گوتی، گرفتی "زۆر"یان هاتووەتە رێگە، لەنێویاندا قەیرانی ئابووری و دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ بەڵام ئێستا دۆخیان باشە و قۆناخی باشیان بڕیوە. ئارام قادر باسی لەوەشکرد، ساڵانە نزیکەی 35 هەزار خوێندکار خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو دەکەن.
 
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لە پشکی یەکێتیی نیشیتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە "پشتیوانیان" بوون و لەبارەی کابینەی نۆوە زیاتر دوا و گوتی، "چیرۆکی چوارساڵی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چیرۆکێکی ئەوەندە پرشنگدار و جوان و خۆڕاگرانەیە، دەبێت مرۆڤ لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە زێڕ بینووسێتەوە، بانگەشەی ئەوەش ناکەین نە لە وەزارەتەکەمان و نە لە هیچ شوێنێک توانرابێت 100%ـی ئەوە بکەین کە خەڵک ویستوویانە؛ لە سۆنگەی بەرپرسیارییەتی و تێگەیشتمان بۆ نیشتمانسازی، دەبێت هەرگیز چاومان لەوە نەبێت کردوومانە و دەبێت بیرلەوەبکەینەوە کە چی بکەین بۆ هاووڵاتییان".
 
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 18 زانکۆى حکومى هەن؛ هەروەها 18 زانکۆ و لقى زانکۆیى لە شارەکانى کوردستاندا کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا 12 پەیمانگەش بە پسپۆڕیى جیا و بەپێى پێداویستەکانى بازاڕى کار کراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.