دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک بە تەلەفۆن قسەی کرد

11-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لەگەڵ پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک قسەی کرد و سوپاسی کردن.

ئەمڕۆ گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. باخچەلی لەبارەی ئەو هەنگاوە رایگەیاند: "تورکیا و ناوچەکە بە رۆژانێکی ئێجگار گرنگدا تێدەپەڕن."
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورە شارەوانیی مێردین و سیاسەتڤانی ناسراوی باکووری کوردستان، باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا و ناوچەکە چوونەتە نێو قۆناخێکی تەواو نوێ و پڕ لە هیوا.
 
 باخچەلی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و هەنگاوەکانی ئەمڕۆی گرووپە گەریلاکەیشی بە "سەرەتایەکی نوێ" بۆ گەیشتن بە تورکیای بێ شەڕ و تووندوتیژی ناوبرد. 
 
سەرۆکی مەهەپە بە پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورکی راگەیاند: "ئەم پێشهاتە ئەرێنی و دڵخۆشکەرانە وەرچەرخانێکی مێژوویین و هەموولایەک پێیان خۆشحاڵە"؛ راشیگەیاند: "تورکیای بێ تیرۆر، رێڕەوی داهاتوویەکی پڕ لە خۆشگوزەرانی، ئاسایش و ئارامییە."
 
دەوڵەت باخچەلی سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە رۆڵیان لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا هەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە. 
 
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.