رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، نرخی بیتکۆین دوو هەزار و 310 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 118 هەزار و 305 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژوودا. لە دوێنێوە نرخی هەر بیتکۆینێک زیاتر لە 7 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
خواستی وەبەرهێنەرە دامەزراوەییەکان و سیاسەتە نوێیەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بوونەتە هاندەرێکی سەرەکی بۆ ئەم بەرزبوونەوەیە.
هاتنی سەرمایە بۆ سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین
زانیارییەکان دەریدەخەن کە رۆژی پێنجشەممە بە بڕی 1.18 ملیار دۆلار سەرمایەی نوێ هاتووەتە نێو سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین (ETF) لە ئەمریکا. ئەمەش شەشەم رۆژە لەسەریەک کە ئەو سندووقانە قازانجی گەورە تۆماردەکەن.
سندووقی IBITـی سەر بە کۆمپانیای بلاکڕۆک (BlackRock) بە 448.5 ملیۆن دۆلار لە پێشەنگدا بوو.
کۆی قەبارەی بازرگانیکردن لە 12 سندووقەکەی وەبەرهێنان لە بیتکۆین گەیشتە 6.3 ملیار دۆلار، کە بەرزترین ئاستی رۆژانەیە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە.
پشتیوانیی ئیدارەی ترەمپ و گەشبینیی یاسایی
ئەم پێشکەوتنانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی خواستی وەبەرهێنەرە گەورەکان لەسەر بیتکۆین. ئیدارەی ترەمپیش لە سەرەتای ئەم ساڵدا رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی "یەدەگی ستراتیژیی بیتکۆین" دا، کە ئاماژەیەکی ئەرێنیی یاسایی بوو.
جگە لەوەش، وەبەرهێنەران چاویان لە "هەفتەی دراوە دیجیتاڵییەکانە" کە لە 14ی تەممووز دەستپێدەکات، کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت یاسادانەرانی ئەمریکا سێ پڕۆژەیاسای گرنگ بۆ رێکخستنی دراوە دیجیتاڵییەکان پەسەند بکەن.
دراوە جێگرەوەکان (ئەڵتکۆین)یش بەرزبوونەوە
لەگەڵ ئەو گەشبینییەی بەهۆی ئاستە پێوانەییەکەی بیتکۆینەوە دروست بووە، زۆربەی دراوە دیجیتاڵییە جێگرەوەکانیش (ئەڵتکۆینەکان) رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
- نرخی ئیسریۆم، دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵی، 8.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 3,019 دۆلار.
- نرخی ئێکس ئاڕ پی بە رێژەی 7.5% زیادیکرد و گەیشتە 2.60 دۆلار.
- سۆلانا 6% و کاردانۆ 13% بەرزبوونەوە.
- لەنێو دراوەکانی جۆرەکانی میمکۆینەکاندا، دۆجکۆین 12% بەرزبووەوە و گەیشتە 0.200 دۆلار. دراوی ترەمپ11% بەرزبوووەوە و گەیشتە 10.12 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ