رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گوندی باریکەی سەر بە ناحیەی قۆرەتووی گەرمیان تەرمێک دۆزرایەوە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "کارمەندی ئاسایشی گەرمیان بوو و کەسێکی دیکەش بریندارە."
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "ئەو کەسەی کوژراوە ناوی سەلام ئیسماعیل کاکەبرایە و لەدایکبووی ساڵی 1973یە. ئەو هاونیشتمانییە کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان بوو."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، کەسێکی دیکەش بە برینداری بە ناوی (د. م. م.)، پیشەی مامۆستا و دانیشتووی قەزای کەلار، لەگەڵ کوژراوەکە هێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.
پۆلیسی گەرمیان گوتی، "بە گوتەی کەسوکاری کوژراوەکە، ئەو دوو کەسە لەنێو باخ بوون. ئەو کەسەی تەقەی لێکردوون ناسیاوی خۆیانە و پێشتر کێشە لە نێوانیاندا هەبووە."
لەبارەی بریندارەکەوە عەلی جەمال قدووری گوتی، "دوای چارەسەری خێرا، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەشخانەی سلێمانی کرا."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە.بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ