رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کێڵگەیەکی بەخێوکردنی گۆلکە لە پارێزگای هەولێر، بەئومێدی قازانج بە توانای 700 سەر دروستکرا، هەر لە یەکەم هەنگاوی ئەم ساڵیدا زیانیکرد.
هەندرێن نادر، خاوەنی پڕۆژەی بەخێوکردنی گۆلکە و دەڵێت: "ئەگەر نرخی ئاژەڵ لە بازاڕ هەروەک ئێستا بێت پڕۆژەکە دادەخەین، چونکە زۆر زۆر زیاندەکەین، چارەسەریش تەنیا ئەوەیە حکومەت نابێت رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵی قەڵەو و گۆشتی بەستوو بدات."
پڕۆژەیەکی دیکەیە لە پارێزگای سلێمانی، بەزیانەوە هەموو ئاژەڵکانی فرۆشت، خاوەنەکەی دەڵێت: "ئەگەر حکومەت هاوکار نەبێت پڕۆژەکە پڕناکەینەوە."
شوان حوسێن، خاوەن پڕۆژەی بەخێوکردنی گۆلکە و باس لەوە دەکات: "لە 500 سەر ئاژەڵ کە هێناومە و بەخێومکردووە و گەورەمکردووە و فرۆشتوومە 40 هەزار دۆلار بۆ 50 هەزار دۆلار زیانمکردووە، هەموو شتێکیش هەر بە پارەیە حکومەت هیچ هاوکارمان نییە؛ نە ئاو و نە عەلەفمان بۆ دابیندەکات، بێبەرامبەریش پێماننەدا بەڵام با ئاوڕێکمان لێبداتەوە."
دانیشتووانی گوندەکانیش روو لە کەمبوونن، بەمەش ژمارەی ئاژەڵداران کەمبوونەتەوە.
حاجی شێخ تاهیری نۆدێ، گوندنشینە و دەڵێت: "هەموو ماڵێک 150 بۆ 200 سەر ئاژەڵی هەبوو، ئێستا ماوینەتەوە 15 ماڵ، ئەمیش سێ ماڵ ئاژەڵی هەیە، ئاژەڵ زۆر کەمبووەتەوە، زەوییەکانیش هەمووی فرۆشراوە و کراوە بە تەلبەند، لەوەڕگا نەماوە ئەو شاخەی پشتمانەوە نەبێت، ئەویش ساڵ هەیە دەسووتێت و نامێنێت."
پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و ژمارەی ئاژەڵیش لە هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونن.
ژمارەی مەڕ، بزن، مانگا و گامێش لەساڵی 2024دا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 453 هەزار سەر؛ بەراورد بەساڵی 2023 ، 11٪ زیادیکردووە.
ژمارەی پڕۆژەکانیش بە مەڕو بزن و گۆلک و ماسی و پەلەوەرەکانیشەوە لە ساڵی 2024 زیادیکردووە بۆ دوو هەزار و 776 کە بەراورد بە ساڵی 2023، 4٪ زیادیکردووە.
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەڵێت: "راستە ژمارەی پڕۆژەکان زیاددەبن، بەڵام بەوجۆرە زیادنەبوون بووبنە جێگرەوەی خەڵکی گوندەکان، بەڵام رێگە راستەکە گەر بتەوێت کەرتی ئاژەڵداری پێشکەوێت دەبێت گرنگی بە پڕۆژەی ستراتیژی بدرێت."
ئاستی خۆبژێوی بۆ گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان 55٪ـە و ماسی 60٪ـە، بەڵام لە گۆشتی سپیدا 116٪ـە و ئاستی خۆبژێویی تێپەڕاندووە.
زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵەکان بە مانای گەشەی کەرتی ئاژەڵداری نایەت، چونکە بەشێکی ئاژەڵەکان لە وڵاتانی وەک جۆرجیا و ئەرمینیا و چەندین وڵاتی دیکەوە راستەوخۆ هاوردە دەکرێن و لە بازاڕدا دەفرۆشرێنەوە، ئەوەی کەرتەکە پێشدەخات گرنگیدانە بە پڕۆژەکان و ئاژەڵدارانی گوندەکان.
ئاژەڵداران لە نرخی بازاڕ ناڕازین و داوای قەدەخەکردنی ئاژەڵی هاوردە دەکەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ