رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، سبەی لە بەشی زۆری پارێزگای دهۆک و بەشێکی هەولێر باران ببارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، "سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو، ئەگەری بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند هەیە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگاری دهۆک دەستپێدەکات و لە درەنگانی شەودا سەنتەری شاری دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای هەولێریش دەگرێتەوە. بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەش کاریگەری ئەم شەپۆلە نامینێت."
هاوکات عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی یەکشەممە لە بەشێکی هەرێمی کوردستان "ئەگەری بارانبارین هەیە."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیش بە رووداوی گوت، سبەی لە بەیانییەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئاسمان دەبێتە هەور و لە دوای نیوەڕۆوەوە بارانبارینی پچڕپچڕ دەبێت.
محەممەد کەمال پێشبینی کرد، بارانی گشتگیر لە هەموو باشووری کوردستان بکەوێتە مانگی داهاتوو.
عامر جابری باسی لەوە کرد، پلەی گەرما لە شوێنەکانی عێراقیش 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی دابەزێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، پلەی گەرمای سبەی بەم جۆرە دەبێت:
هەولێر؛ 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 26 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 26 پلەی سیلیزی
ئامێدی؛ 24 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 27 پلەی سیلیزی
کەرکوک؛ 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 28 پلەی سیلیزی
سۆران : 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 32 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ