سوپا لە چەند بنکەیەک و شەقامەکانی ناوچە کوردستانییەکانە؛ "رێگەپێنەدراوە"

11-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە خورماتوو دەڵێ، لە شارەکەی پارێزگای سەلاحەدین ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە دەسووڕێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو هێزەکە سەر بە سوپای عێراقە و ناوی (هێزی تایبەتی عێراقی)ـیە و "جلوبەرگ و چەک و ئۆتۆمبێلیان لە هێزەکانی دیکە جیاوازترە."
 
ئەو پەیامنێرەی رووداو گوتی، هێزەکە تۆپی 106 و چەکی مامناوەندییان پێیە، تەنانەت بە چەکەوە چوونەتە نێو بنکەکانی دەنگدان و "بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک، هێزەکە بۆ نیو کاژێر بنکەیەکی دەنگدانیان داخستووە."
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە هیچ کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان بچێتە نێو وێستگەکانی دەنگدان و هەر کارێکی لەو جۆرە پێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنە."
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە دەکەین و پێویستە ئەنجامدەران رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر."
 
هەر لەو بارەیەوە فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بۆ رووداو گوتی: "دەستوەردانی هێزەئەمنییەکان و چوونەژوورەوەیان بۆ نێو وێستگەکان رێگەپێدراو نییە و لێکۆڵینەوەی لێدەکەین."
 
هاوکات مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی لە خورماتوو بە رووداوی گوت: "هێز بۆ پاراستنی پرۆسەی دەنگدان هاتووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەشداریی هاووڵاتییان نەبووە."
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی: "هێز رێگری لە هیچ کوردێک نەکردووە بەشداریی دەنگدان بکات و رێژەی بەشداری بەراورد بە ساڵانی دیکە زیاتر بووە."
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی خورماتوو کە قسەی بۆ رووداو کرد گوتی: "ئەو هەمەر و باجەر و چەکە قورسانەی دەبینن، ئەوە جەنگ نییە، بەڵکو هەڵبژاردنە. لە یاسای هیچ وڵاتێک ئەمەمان نەبینیوە و قەت نایبینین."  
 
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سێشەممە سەربازێکی عێراقی بە قۆنداخە تفەنگ هێرشی کردە سەر گەنجێکی کورد، بەهۆی ئەوەی ئاڵایەکی کوردستان بە پایسکیلەکەیەوە بووە.  
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە تووندی ئیدانە و سەرکۆنەی رەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو."
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سەربازەی دەستدرێژی کردە سەر هاووڵاتییەکەی خورماتوو دەستگیرکرا."
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "چووینە ماڵی گەنجەکە و لەگەڵ نوێنەری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سەڵاحەدین، ئاشتەواییمان کردووە. سەربازەکەش گیراوە."
 
خورماتوو شارێکی کوردستانییە و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵێک خانووی ماڵباتانی کورد تەقێنرانەوە و خەڵکێکی زۆری کورد شارەکەیان جێهێشت.
 
لە چەند ناوچەیەکی دیکەش سوپا بینرا. بۆ نموونە، سەربازانی سوپا چوونە نێو بنکەی غوفران لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.