رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی بەبۆنەی تێپەڕاندنی یەک ملیۆن دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و لە لایەنگر و ئەندامانی پارتی دەکات.
رۆژی سێشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2025، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و تێپەڕاندنی دەنگەکانی پارتی بۆ یەک ملیۆن دەنگ، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا دەڵێت: "سوپاس بۆ خودای گەورە و بە هەڵوێست و ویستی هاووڵاتییانی بە ئەمەکی کوردستان و ئەندامانی پارتی، دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەک ملیۆن دەنگ تێپەری و لە ئەنجامی کۆتایی زیاتریش دەبن."
هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە "سەرۆک و رابەری گەلەکەمان جەنابی سەرۆک بارزانی" دەکات.
چاڵنجی (یەک ملیۆن دەنگ) لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە راگەیێندرابوو؛ مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی دا دەڵێت: "پیرۆزبایی لە برای بەڕێز و خۆشەویستم کاک نێچیرڤان دەکەم کە تەحەدای یەک ملیۆنی راگەیاند."
هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی "سوپاس و دەستخۆشی لە هەموو سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی" دەکات و پیرۆزباییش لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە پرۆسەی دیموکراسی و هەمو خەڵکی عێراق پیرۆز بێت."
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەی رایگەیاندووە: "بە گوڕ و تینێکی زیاتر لە خزمەتی هەموو کوردستانییان و نیشتمانمان بەردەوام دەبین. بەرەو وڵاتێکی سەقامگیرتر و ئاوەدانتر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ