لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: لە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆدا کەس نەمردووە

11-12-2020
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن خۆپێشاندان هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دەڵێت، لە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا هیچ کەس نەمردووە، بەڵام چەند کەسێک بە سووکی برینداربوون و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکران. 
 
شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە چەند شوێنێک خۆپێشاندان بەڕێوەچوو، بەڵام کەس نەمردووە."
 
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، چەند کەسێک برینداربوون، بەڵام لە رێگەی پرژاندنی گازی فرمێسکڕێژەوە بووە، نەوەک بەهۆی فیشەکەوە. 
 
شاخەوان رەئووف گوتیشی، ژمارەیەک لە رێکخەران و خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆ دەستگیرکراون، بەڵام ئەوان وەک لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بە مەبەستی ئازادکردنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان.

 

 
رۆژی هەینی 2020/12/11 لە شاری سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، لەنێویاندا هەریەکە لە عەبدوڵڵا مەلا نووری، شێرکۆ حەمە ئەمین و پەیمان عیزەدین پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان و چەند چالاکڤانێک هەن. هاوکات ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران هەوڵیان دا شەقامی سەرەکیی نێو شارەکە بگرن. 

 

 
لەسەر داوای کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان و چالاکڤان، لەوانە عەبدوڵڵای مەلا نووری، دروستکراوە؛ بڕیار بوو ئەمڕۆ لە شار و ناوچە جیاوازەکان خۆپێشاندان بکرێت، لەوانە لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.
 
 

بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایدەگەیێنێت "ئێمە وەک بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مافی رەوای خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاووڵاتیانین. لەهەمانکاتدا دژ بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانین و داوای ئازادبوونی دەستبەجێیان دەکەین".
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی پەرلەمانتارانی مانگرتوو کە لە 15 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و سەربەخۆکان پێکهاتوون، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان گوتی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 14 کەس لە خۆپێشاندەر و هاونیشتمانی و هێزە ئەمنییەکان کوژراون، ئاماژەی بەوەش کرد نزیکەی 400 کەسیش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، لەوانە مامۆستایەکی ئایینی لە پیرەمەگروون و سێ کەسیش لە شێلادزێ.
 
لەکاتی گەڕانەوەی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، عەلی حەمە ساڵح و سێ پەرلەمانتاری دیکە رێگرییان لێکرا. دابان محەممەد، پەرلەمانتار گۆڕان دەڵێت، چوون بۆ نێو هەولێر ئاساییە، بەڵام چوون بەرەو سلێمانی قەدەخەیە و بازگەی یەکێتی رێگە بە هاتووچۆ نادەن.
 
هەروەها هێزێکی ئەمنیی زۆر لەنێو بازاڕی کەلار بڵاوەیان پێکراوە و کۆتاییان بە خۆپێشاندان لەو قەزایە هێناوە. ئەو هێزانە بریتین لە پۆلیس و ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکان. هاوکات رێگری لە راگەیاندنکاران دەکرێت کە رووماڵی خۆپێشاندانەکە بکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 10 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە لە چەمچەماڵ، تەکێ، کفری، پێنجوێن، سەیدسادق و دووکان بوون.
 
هاوکات حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی داوای کردووە، دوو رۆژنامەڤانی کەناڵی عێراقییە بەناوەکانی ئەمین ئەحمەد و سیروان بەرزان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی گەنجە بێسەروشوێنبووەکە

تورکیا گەنجێکی کورد رادەستی گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە عەفرین دەکاتەوە

هاونیشتمانییەک دەڵێت، برازایەکی دوای ئەوەی ویستوویەتی بچێتە ئەورووپا و لە تورکیا دەستگیرکراوە، رادەستی گرووپێکی چەکدار کراوەتەوە لە عەفرین و چارەنووسی نادیارە. بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: "هەر ئەمڕۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەین".