رووداو دیجیتاڵ
ئەندازیارێکی عەرەب کە خەڵکی بەغدایە، لافاوەکەی ناحیەی تەکیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بردوویەتی و بەدوایدا دەگەڕێن. بەر لە دروستبوونى لافاوەکە پەیوەندى بە باوکییەوە کردووە و دیمەنى بارانبارینى پێشانداوە. مۆبایلەکەى دۆزراوەتەوە و لەرێگەیەوە شوێنى کاژێرە زیرەکەکەى دەستى دەستنیشان دەکرێت.
ئەحمەد حامید شەتری، ئەندازیاری تەمەن 35 ساڵ کە خەڵکی بەغدایە، لە 9ی کانوونی یەکەمەوە دیار نەماوە، ئەوەش لەو کاتەی شەپۆلی بارانی بەلێزمە و لافاو ناحیەی بازیان و قەزای چەمچەماڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە.
ئایە مونزیر، هاوژینی ئەو ئەندازیارە عەرەبە بە رووداوی گوت: "هاوژینەکەم لە سلێمانی کار دەکات، کاتی لافاوەکە لە تەکیە بووە."
ئەو لافاوە لە سنووری قەزاکانی چەمچەماڵ و کەلار بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس، جگە لەو ئەندازیارەی دیار نییە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. ئایە مونزیر گوتی: "سێ رۆژ لەمەوبەر لافاو هاوژینەکەمی بردووە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە."
بە گوێرەی زانیاریی رووداو، ئەو کاتەی لافاو لە تەکیە دروست بووە، ئەو ئەندازیارە لە کاتی پشوودا بووە لەناو کەرەڤانەکەی.
حامد شەتری، باوکی ئەندازیارەکە لە شوێنی گەڕان بوو بەدوای چارەنووسی کوڕەکەی دا، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "کوڕەکەی رۆژی سێشەممە کاژێر 12:50 خولەک پەیوەندی پێوە کردوون و لە دەرگای کەرەڤانەکەیەوە دیمەنی بارانبارینەکەی نیشانداون."
ئەو گوتی: "دوای کاژێر 2:00 پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان فریای ئەحمەد بکەوە."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانى بە هاوکاریی 100 پێشمەرگەی لیوای شازدە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئەو ئەندازیارەدا.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو ئەندازیارە حەوت کرێکاری دیکەی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەوان خۆیان دەرباز کردووە، بەر لە 10 خولەک پێیان گوتووە کە ئەو شوێنە بەجێبهێڵێت. گوتوویەتی: 'باشە، بەڵام دواتر پەیوەندی نەماوە.'
ئەو ئەندازیارە لە یەکێک لە کۆمپانیا ئەهلییەکان بووە کە لە گوندی گۆپاڵەی سنووری ناحیەی بازیان کاری کردووە.
قایمقامی بازیان گوتی: "ئەمە سێیەم رۆژە بەدوایدا دەگەڕێین، ئەم بەیانییە مۆبایلەکەیمان دۆزیوەتەوە، کاژێرێکی زیرەکی لەدەستدا بووە و دوای پشکنین، ئەو پێگەیەی دیاریکردووە کە مۆبایلەکەی لێیە و تیمەکان بەدوایدا دەگەڕێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ