رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە بەهۆی لافاوەکەوە ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە، سەردانیان بکەن. دەشڵێت، لە رۆژی هەینییەوە لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی ناوەکان دەستبەکار دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پاڵپشت بە نووسراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەریدا زیانی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کارەکانی لیژنەکە لە سبەی هەینییەوە دەستپێدەکات. هاتوچۆی چەمچەماڵ دەڵێت: "ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکەینەوە، سبەی هەینی کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو کۆتایی هەفتە، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ ئامادەبن بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان."
بابە رەسوول غەفوور، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە تۆماریان دەکەین و داتاکان کۆدەکەینەوە و چەند لیژنەیەک پێکهێنراوە."
گوتیشی، "یەکێک لە لیژنەکان تایبەتمەندە بە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان و لیژنەکانی دیکەش ماڵ و کەرەستەکانی دیکە تۆمار دەکەن."
لە رۆژی یەکشەممەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ