کوردستان
ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان دوای بارانبارینی ئەم وەرزە بەرزبووەتەوە. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بڕی ئەو بارانەی ئەم وەرزە لە زۆرینەی ناوچەکانی باشووری کوردستان باریوە، دوو هێندەی ساڵی رابردووە؛ بەوهۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزبووەتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانیش دەڵێت: "جگە لە بەنداوە گەورەکان، زۆرینەی بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژیان کردووە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو بۆ رووداو، 25 بەنداو لە هەرێمی کوردستان هەن، چواریان گەورەترینیانن کە بریتین لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان لە سلێمانی، گۆمەسپان لە هەولێر و بەنداوی دهۆک. هاوکات چوار بەنداوی سەرەکیش لە پارێزگای کەرکووک هەن.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جگە لە چوار بەنداوە گەورەکە، بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوە، ئەم ساڵ زۆرینەی بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژیان کردووە و پڕبوون".
بەشێک لە بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە (جەلی، دێگەڵە، چەمرگە، ئاقوبان، حەمامۆک، بەستۆرە و شیوە سوور) لە هەولێر؛ (دێوانە، ئاوەسپی، باوەشوار، حەسەن کەنووش، چەمی سمۆر و قادر کەرەم) لە سلێمانی؛ هەروەها (خنس، بێدۆهی و کەشکان) لە دهۆک، کە زۆرینەیان بۆ ئاودێری و حەوزی ماسی سوودیان لێوەردەگیرێت.
هێژا عەبدولواحید، بەڕێوەبەری ئاودێریی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لە سنووری پارێزگاکەیان جگە لە بەنداوەکان، "60 گۆمی دەستکرد هەن و ئەم ساڵ سەرجەمیان سەرڕێژ بوون".
لەلایەکی دیکەوە هیوا رەشید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئاستی ئاوی بەنداوەکانی خاسەچای، شیرین و دوبز زۆر باشن و زیاتر بۆ کشتوکاڵ بەکاردێن، بەڵام بەنداوی پەلکانە وەکو پێویست نییە".
بە گوتەی هیوا رەشید، تاوەکو ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی شاری کەرکووک "تەنیا بەنداوی دووکانە".
بەپێی زانیارییەکانی رەحمان خانی بۆ رووداو، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوە گەورەکان بەم شێوەیە بووە:
بەنداوی دەربەندیخان: 5 مەتر بەرزبووەتەوە.
بەنداوی دووکان: 4 مەتر بەرزبووەتەوە.
بەنداوی دهۆک: 41 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە (یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی کۆگا کردووە).
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بڕی بارانبارینی ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو لە پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
سلێمانی: 427.7 ملیمەتر باریوە (پار 188.1 ملیمەتر بوو).
هەڵەبجە: 367.4 ملیمەتر باریوە (پار 241 ملیمەتر بوو).
هەولێر: 275 ملیمەتر باریوە (پار 45.8 ملیمەتر بوو).
دهۆک: 243.7 ملیمەتر باریوە (پار 34 ملیمەتر بوو).
کەرکووک: 189.9 ملیمەتر باریوە (پار 85.1 ملیمەتر بوو).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ