رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی هەولێر دەڵێت، پار 6 کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکە کەمئەندام بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 800 هەزار مەتر دووجا زەویی سنوورەکەیان لە مین پاککردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-01-2026 عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، 800 هەزار و 799 مەتر دووجا زەوی، لەلایەن تیمەکانیانەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە.
بە گوتەی عەلی عەبدولڕەحمان، لەو ماوەیەدا هەزار و 614 مینی دژە کەسی، دوو مینی دژە تانک، 23 هەزار و 163 پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی و بومبێکی چێنراو لەنێوبراون.
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2025 بەگشتی 11 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە و رادەستی خاوەن زەوییەکان کراونەتەوە.
وەک عەلی عەبدولڕەحمان دەڵێت، پار تیمەکانیان بەگشتی 183 ئەرکی پووچەڵکردنەوە و لەنێوبردنی مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگییان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام داوە کە 65ـیان لە کێڵگە مینەکاندا بوون و 118ـیان لە دەرەوەی کێڵگەی مین.
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی هەولێر ئاماژەی بە ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەی مین کرد و گوتی، ''پار 10 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانی کە شەشیان گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش کەمئەندام بوون.
عەلی عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا 283 کێڵگەی مین لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماون کە پلانیان بۆ دانراوە لە داهاتوودا بەگوێرەی پێویست پاک بکرێنەوە.
ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری مین بریتییە لە هەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی و لابردنی مەترسی لەسەر گیانی هاونیشتمانییان و هۆشیارکردنەوەیان لە چۆنیێتیی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین.
بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە ساڵی 1992ـەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، 13 هەزار و 600 کەس بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ