رووداو دیجیتاڵ
هەردوو فراکسیۆنى تورکمانى و عەرەبی لە کەرکووک تاوتوێى دوو پێشنیازیان بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کردووە. یەکێکیان ئەوەیە دوو ساڵ بە دوو ساڵ پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن لای کورد، عەرەب و تورکمان بێت، پێشنیازى دووەمیش ئەوەیە پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆکى ئەنجوومەن بۆ کورد بێت.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە هەردوو فراکسیۆنى عەرەبی و بەرەى تورکمانى لە کەرکووک دەستى کەوتووە، لە کۆبوونەوەى چەند رۆژى رابردووى نێوانیاندا دوو پێشنیازیان تاوتوێ کردووە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، کە بڕیارە بیخەنە بەردەم لایەن کوردستانییەکان.
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە دوو ساڵ پارێزگار بۆ یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بێت و دوو ساڵەکەى دیکە بۆ عەرەب بێت، لەو ماوەیەدا دوو ساڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ پارتى و دوو ساڵەکەى دیکە بۆ تورکمان بێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەرەى عەرەبیی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو پێشنیازە لەلایەن بەرەى تورکمانییەوە پێشنیاز کراوە و لایەنى عەرەبی تێبینى لەسەر هەبووە."
پێشنیازى دووەم کە لایەنى عەرەبی پاڵپشتیى دەکات، ئەوەیە کە پۆستى پارێزگار بۆ چوار ساڵ بۆ عەرەب بێت و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ کورد بێت و بەرەى تورکمانى پۆستەکانى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەن و جێگرى پارێزگاری هەبێت.
یەکێک لە ئەندامانى کوردى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، کە نەیوست ناوى ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو دوو پێشنیازەمان بیستووە، بەڵام بە فەرمى بە ئێمە نەدراون."
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت؛ لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ