رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەرکردووە و دەڵێت، کاژێرێک دەوامی فەرمانبەران لە دامودەزگاکانی سنووری پارێزگاکە کەم دەکرێتەوە و لە کاژێر 09:00ـی بەیانی دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە (12-2-2026)، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکارییەکانی مانگی رەمەزان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک درا کە ئەمانە بوون:
- لە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەوامی فەرمی لە فەرمانگەكانی حكومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی یەك كاژێر كەم دەكرێتەوە و لە كاژێر 9ی بەیانی دەست پێدەكات.
- لیژنەی قایمقامییەتەکان، بازرگانی، شارەوانی، تەندروستی و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ؛ کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە رۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی رەمەزان زیاتر.
- نابێت رێگە بە هیچ کەسێک بدرێت مانگی پیرۆزی رەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
- رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یاری بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.
- لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێ کواڵیتی، هەڵمەتی لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگەکانی (خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت) و شوێنەکانی دیکەی هاوشێوەیان لە نێو شار و دەرەوەی شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.
- لە بازگەکان چاودێری تووند بکرێت و رێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو هاوردەی سنووری پارێزگای هەولێر بکرێت.
- تیمەکانی شارەوانی زێدەتر لە رۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی رەمەزان لە رێکخستنی بازاڕ و چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەی نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن.
- کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر و ڤێتەرنەری بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو ساڵان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
- هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ) لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و گیانی هاووڵاتییان، هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانی مانگی پیرۆزی رەمەزان.
- کردنەوەی بازاڕی شەوانی رەمەزان لە سەنتەری شار لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە رووی رێکخستن و رێکارەکانی، ئەم ساڵ باشتر لە ساڵانی رابردوو بە باشی و بەبێ کەم و کوڕی بەڕێوەدەبرێت.
- مزگەوتەكان تەنیا لە ( 10 ) شەوی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگەیان كراوە دەبێت تاوەکو نوێژی بەیانی و جگە لە پێشنوێژ و گوتارخوێنی فەرمی مزگەوت، هیچ كەسی دیکە بۆی نییە رێوڕەسم و چالاكی ئایینی و تەراویح بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ