رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە راگرتنی هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لەنێو باڵەخانەی قوتابخانەکان و جەخت دەکاتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک قوتابیان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی قوتابخانە بکەن.
نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی نورەدین عثمان سعید، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردەی لەسەرە، ئەمڕۆ سێشەممە، 30-03-2026 ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ) کراوە و تێیدا چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان دراون.
لە نووسراوەکدا هاتووە، دوای ئەوەی پڕۆسەی خوێندن کرایە ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لەنێو قوتابخانەکان (حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان) رادەگیرێ و "بە هیچ شێوەیەک قوتابی و خوێندکار نابێت ببرێتە نێو قوتابخانەکان" و لەم قۆناخەدا تەنیا پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی ئەو قوتابیانەی کە تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییان هەیە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت:" ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییان هەیە و بەستراوەتەوە بە کات و رێککەوتی دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بکرێ و ئاسانکارییان بۆ ئەنجام بدرێت".
ئەم رێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ