رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی تەواوکردنی ساڵی خوێندنی 2025-2026ـی بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لە سبەی دووشەممەوە خوێندن لە هەموو زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە پاش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەت بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە لە رۆژی دووشەممە 30-03-2026ـەوە، پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێبکاتەوە. وەزارەت دەسەڵاتی داوەتە زانکۆکان کە بەپێی تایبەتمەندیی بەشە زانستییەکان، پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان بۆ وانەوتنەوە بەکاربهێنن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کۆلێژە پزیشکییەکان جگە لە وانە تیۆرییەکان کە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، دەتوانن بۆ وانە پراکتیکییەکانیان بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامی بە خوێندن بدەن. لەبارەی بەشەکانی دیکەش، ئەو وانە پراکتیکییانەی پێویستیان بە ناو کەمپەسە، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی هەفتەکانی داهاتوو بڕیاریان لێ دەدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، کە دەبێت وانە ئۆنلاینەکان لە کاتی دەوامی فەرمیدا بن و نابێت بخرێنە شەوان. سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانیش، داوا لە زانکۆکان کراوە خشتەیەکی گونجاو دابنێن کە رەچاوی هاتووچۆی قوتابیانی دەرەوەی شار بکات و قەرەباڵغی لە ناو کەمپەس و بەشە ناوخۆییەکاندا دروست نەبێت.
لەبارەی خولەکانی پێداگۆجی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، لەگەڵ سەنتەرەکانی زمان بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبن. گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆراش تەنیا بە ئامادەبوونی لیژنە و توێژەر دەبێت و رێگە بە ئامادەبوونی میوان نادرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئایتی لە زانکۆکان راسپاردووە، کە بەردەوام بن لە چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان و هاوکاریی قوتابیان بکەن بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن بەبێ ئاستەنگ بەڕێوەبچێت.
ئەم رێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ