رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بڕیاریدا خوێندنی ناو پۆل رابگرێت و پەنا بۆ سیستمی ئۆنلاین و دیجیتاڵی ببات. زانکۆکان چۆڵکردنی بەشە ناوخۆییەکانیان راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکەن کێشەیان لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین نییە، بەڵام چارەنووسی وانە "کردەییەکان" نادیارە.
دوای کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان، دوێنێ یەکشەممە 29-03-2026، بڕیاردرا خوێندنی ناو پۆل لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە رابگیرێت.
زانکۆی سەلاحەدین: "سەلامەتیی قوتابیان لە هەموو شتێک گرنگترە"
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بە تەواوەتی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵیمان پێ جێبەجێ دەکرێت، چونکە یەکەمین ئەزموونمان نییە و لە سەردەمی کۆرۆناشدا کارمان پێکردووە. ئەم بڕیارەمان پێ باشترە لەوەی گیانی قوتابیان بکەوێتە مەترسییەوە."
زانکۆی سەلاحەدین، کە 25 هەزار قوتابی بەرایی و دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵای هەیە. ئەمڕۆ کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بەشە ناوخۆییەکان دادەخات. سامان عەبدوڵڵا دەڵێت: "قوتابیان لە رێگەی ئیمەیڵی فەرمی، زووم و ڤیدیۆی دیجیتاڵییەوە وانەکانیان پێ دەگات، دوای 15 رۆژی دیکەش ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ بڕیاردان لەسەر وانە پراکتیکییەکان و تاقیکردنەوەکان کۆدەبێتەوە."
زانکۆی سلێمانی: "بەشە ناوخۆییەکان بە زوویی چۆڵ بکرێن"
لە زانکۆی سلێمانیش، کە نزیکەی 30 هەزار قوتابی دەخوێنن، رێکارەکان دەستیان پێکردووە. د. یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە رێگەی کلاسڕووم و سیستمی دیجیتاڵییەوە وانەکان دەخوێندرێن. داواشمان لە قوتابیان کردووە بە زووترین کات بەشە ناوخۆییەکان چۆڵ بکەن، چونکە زانکۆکەمان لە زانکۆی ئەمریکییەوە نزیکە و مەترسیی هەیە."
زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک: پێشتر ئەم ئەزموونە سەرکەتوو بووە
سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ خوێندنی ئۆنلاین کردووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی زانکۆ کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی جێبەجێکردنی".
ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی ئەمساڵ، 9,472 قوتابیی هەیە لە پێنج کۆلێژ و شەش پەیمانگەی تەکنیکی پێکهاتووە. سەرکەوت رەشید دەڵێت:"پێشتر لە سەردەمی کۆرۆنا، هەمان ئەزموونامان تاقیکردووەتەوە و قوتابیان پێیان باشبووە، ئێمەش وەک خۆمان هەم خوێندنی ئۆنلاین هەم دیجیتاڵی جێبەجێ دەکەین".
زانکۆ ئەهلییەکان؛ پلاتفۆرمی تایبەت و کێشەی وانە "کردەییەکان"
زانکۆ ئەهلییەکان پێش بڕیارەکەی وەزارەتیش ئامادەکارییان کردووە. د. ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمە پێنج رۆژ پێش جەژن خوێندنمان کردە ئۆنلاین بۆ ئەوەی ساڵی خوێندن لە قوتابیان نهفەوتێت. پلاتفۆرمی تایبەت بە خۆمان هەیە کە مامۆستا و قوتابی فەیس-تو-فەیس گفتوگۆ دەکەن و ئامادەنەبووانیش تۆمار دەکرێت، هەموو مامۆستایان و قوتابییان یوزەر، پاسۆرد و ئەکاونتی تایبەتی خۆیان هەیە".
لە زانکۆی جیهان-هەولێر 5 هەزار و 120 قوتابی هەن. د. ئەمجەد سابر دەلۆ گوتی:"پڕۆسەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆوە چاودێریی دەکرێت".
هاوکات سەلاح عومەر، سەرۆکی زانکۆی کۆمار لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانیش پلاتفۆرمی "مای کۆمار" بەکاردێنن، بەڵام جەختی لە کێشەیەک کردەوە و گوتی: "تەنیا کێشەمان لە وانە عەمەلییەکانە لە بەشە زانستی و پزیشکییەکان، چونکە پێویستیان بە کلینیک و نەخۆشخانە هەیە، بۆ ئەوەش چاوەڕێی رێنمایی وەزارەتین."
لەزانکۆکە نزیکەی 3500 قوتابی هەن. سەلاح عومەر گوتی:"هیوادراین ئەم دۆخە درێژە نەکێشێت و خوێندن لەناو هۆلەکان دەستپێبکاتەوە؛ چاوەڕێی رێنمای وەزارەتی خوێندنی باڵاین بۆ وانە عەمەلییەکان، ئەم هەفتەیە تەنیا وانە نەزرییەکان دەخوێنین".
ئەمە لەکاتێکدایە کە، 24-03-2026. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا بە رووداو گوتبووی: "من وەک خۆم دژی خوێندنی ئۆنلاینم،" بەڵام دۆخی نائاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان و هێرشە بەردەوامەکان، حکومەت و وەزارەتەکەی ناچار کردووە وەک تاکە بژاردە بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان پەنا بۆ ئەو سیستمە ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ