هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان 500 درۆن و مووشەکی تێپەڕاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەرێمی کوردستان بە 503 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوو بە شەش درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، چواریان بۆسەر هەولێر و دووەکەی دیکە بۆسەر سلێمانی.
 
بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی کۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ 30ـی ئادار، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی ئامارە کۆکراوەکە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بوون بە نزیکەی 390 درۆن و مووشەک بوون، دواتر سلێمانی بە زیاتر لە 95 درۆن و مووشەک، پاشان دهۆک بە 16 درۆن و پارێزگای هەڵەبجەش لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەری بەکارهێندراوە.
 
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان کراون:
 
‎ -نزیك كاژێر 12:45ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەسێ درۆنی یەك لە دوای یەك هێرشكرایە سەر هەولێر.
 
‎بەگوێرەی زانیارییەكانی رووداو، هەر سێ درۆنەكە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە و زیانی گیانییان نەبووە.
 
- نزیک کاژێر 10:00ـی شەوی یەکشەممە، بە درۆن هێرشێک کرایە سەر بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی.
 
‎-كاژێر 08:24ی شەوی یەكشمەمە، دەنگێكی بەهێز لە هەولێر بیسترا. بەگوێرەی زانیاییەكانی رووداو، درۆنێك بووە لە ئاسمانی شارەكە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێكشكێندراوە.
 
- نیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر گوندی زڕگوێز لە سنووری سلێمانی، کە ماڵباتی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا نیشتەجێن.
 
- شەوی رابردوو دەنگۆی بۆردوومانکردنی چیای شنروێ لە پارێزگای هەڵەبجە هەبوو. ئەمڕۆ دووشەممە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگاکە بە رووداوی گوت: "هیچ رووینەداوە و ئەوانەی بڵاوکراونەتەوە گوایە هێرش هەبووە دوورە لە راستییەوە".
 
کۆی ئامارەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی ئادار، بە 503 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 389 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 96 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها 16 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 15 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە.
 
‎هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مینێکی نەتەقیو. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەیە

دەزگای مین: باران شوێنی مینەکانی گۆڕیوە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە بەشێک لە مینەکان لە شوێنی خۆیان خزیون و چوونەتە خوارەوە؛ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چوار کەس بوونەتە قوربانی