رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجێکی کورد لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان. پەیامنێری رووداو دەڵێت، خەڵکی قەزای رانیەیە و دوای 44 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی رۆمانیا، گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-02-2026، تەرمی گەنجێکی دیکەی قەزای رانیەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە پێشتر لە رێگەی کۆچ گیانی لەدەستدابوو، لەسەر ئەرکی خێرخوازێکی دەڤەرەکە و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.
گەنجەکە ناوی محەممەد زاهیرە و 27 ساڵ بوو، تەرمەکەی لە رۆمانیاوە گەڕێندراوەتەوە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، تەرمەکە سەرەتا دەگوێزرێتەوە بۆ مزگەوتی سەید ئەحمەد لە کەسنەزان و بەهۆی ئەوەی بەشێکی کەسوکارەکەی لە هەولێرن، لەوێ نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت.
محەممەد زاهیر کە دەرچووی زانکۆ بوو، 19-12-2025 لە رێگەی کۆچ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی کۆچبەران لە رۆمانیا، بە سەختی بریندار بووە و دوای 44 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای ئەوەی نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت، تەرمی گەنجەکە دەبردرێتەوە رانیە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
محەممەد زاهیر لە رێگەی چوون بۆ ئەورووپا لە رۆمانیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا و کەمێک لەمەوبەر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەولێر pic.twitter.com/IHhOcqZl0h
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 12, 2026
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، پار شەش هەزار و 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە کە نزیکەی دوو هەزار کەسیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵی 2025 تەرمی 11 هاونیشتمانی کە لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە، گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ