رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە وەڵامى نووسراوێکى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستاندا بڕیاری دا، تانەکانى تایبەت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بدرێتە دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، کە بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆن لە سێ دادوەر پێکدێت.
رۆژی 12ى ئادارى 2024 جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق تاوتوێى نووسراوێکى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى کردووە، کە هاوپێچ یاداشتێکى روونکردنەوەى لەگەڵدا بووە لەبارەى دیاریکردنى ئەو دەستەى دادوەرییە تایبەتمەندەى، کە تاوتوێى تانەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
جومانە غەلاى گوتى، "لەسەر بنەماى ئەو نووسراوە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاری دا ئەو تانانەى پێشکێش بە کۆمیسیۆن دەکرێت یان زەرەرمەندان لە بڕیارەکانى کۆمیسیۆن پێشکێشى دەکەن، راستەوخۆ رەوانەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن بکرێت، کە بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێکهێندراوە."
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە لە ساڵى 2019 دەرکراوە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پێکدەهێندرێت، کە لە سێ دادوەر پێکهاتوون بۆئەوەى تاوتوێى ئەو تانانە بکەن کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەوە رەوانەیان دەکرێت.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "تەنیا لەو دەستە دادوەرییە دەتواندرێت تانە لە بڕیارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بدرێت."
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ