رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێن، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێ بکات و گازوایلی بێ بەرامبەریان بۆ دابین بکات، دەتوانن 24 کاژێر کارەبا بدەنە هاوبەشان و ئەمپێری بە 3000 هەزار دینار دەبێت. ئەگەر گازەکەیان پێ نەدرێت، ئەمپێری بە 20 هەزار دینار.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، کارەبای نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە و موەلیدەکان نزیکەی 10 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان. بەرپرسانی موەلیدەکان لە هەولێر و سلێمانی دەڵێن، ئەگەر حکومەت داوا بکات، دەتوانین کارەبای 24 کاژێری بدەنە خەڵک.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا 90%ـی موەلیدەکانمان رۆژانە 7 بۆ 10 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان. 10%یان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کاردەکەن".
خۆرانی گوتی: "موەلیدەکان لە بەرامبەر کارکردنیان لە حەوت بۆ 10 کاژێری رۆژانە، بۆ هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینار لە خەڵک وەردەگرن کە ئەمە بۆ 20 رۆژە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بۆ هەر 100 کاژێرێک کارکردنی موەلیدەکان بۆ یەک ئەمپێر 5 هەزار دینار دیاریکراوە، واتە 200 کاژێریان بۆ 20 رۆژ دیاریکردووە.
خۆران خۆرانی گوتی: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان داوامان لێ بکات، دەتوانین لەگەڵ ئەو چەند کاژێرە کارەبایەی ئێستا هەیە 24 کاژێر کارەبا بۆ هاوبەشەکانمان دابین بکەین".
لەبارەی نرخی کارەبای 24 کاژێریی سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی: "لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیی 24 کاژێر کار بکەین، بۆ یەک ئەمپێر دەوروبەری 20 هەزار دینار وەردەگرین، ئەگەر حکومەت گازوایلمان بۆ دابین بکات، ئەمپێرێک تەنیا سێ هەزار دینار وەردەگرین".
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو رۆژە کەمێک دۆخی کارەبای نیشتمانی باشترە و رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر هەیە، ئێمەش بەگوێرەی خشتەی خۆمان موەلیدەکان کار پێدەکەین".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "ئێستا 120 کاژێر کارەبا دابین دەکەین بە 7 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر. لەو کاتەوەی کارکردنمان دەستپێکردووەتەوە نزیکەی 90 کاژێر کارەبامان داوە و ئەوەشی ماوەتەوە رەنگە سێ رۆژێکی دیکە کۆتایی بێ".
عوسمان محەممەد گوتی: "ئەگەر بەشێوەی 24 کاژێریی موەلیدەکانمان کاربکەن و دۆخی کارەبای نیشتمانی وەک ئێستا بێ، بۆ هەر ئەمپێرێک 20 هەزار دینار وەردەگرین".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی هاوشێوەی هەولێر گوتی: "ئەگەر حکومەت گازوایلی بێبەرامبەرمان بۆ دابینبکات، ئامادەین بە شێوەی 24 کاژێری کارەبا دابینبکەین و هەر ئەمپێرێک تەنیا 3000 هەزار دینار لە خەڵک وەربگرین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ