رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی 8 کەسی لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە سنووری پارێزگای دهۆک لە دۆخێکی ئێجگار سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. باوکی منداڵەکان و دوو لە منداڵەکانی بەهۆی سووتانەوە ئازارێکی زۆر دەچێژن و پێویستیان بە نەشتەرگەریی بەپەلەیە، لە کاتێکدا منداڵەکانی دیکەشیان بەدەست چەندین نەخۆشیی دیکەوە دەناڵێنن. هەژاری و قەرزاری وایکردووە ئەم خێزانە تەنانەت پارەی موەلیدەی کارەباشیان پێ نەدرێ و لە خانوویەکی تەواونەکراودا بژین، کە خۆیان بە "کەلاوە" ناوی دەبەن و مەترسیی دەرکردنیشیان هەیە.
وەلید خالید، تەمەن 35 ساڵ و باوکی شەش منداڵە، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە بەشێکی زۆری جەستەی بەهۆی ئاگرەوە سووتاوە. ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "سک و رانم سووتاون و پێویستم بە دوو نەشتەرگەرییە بۆ ئەوەی بتوانم بە باشی کار بکەم."
وەلید، نانەوایە، بەهۆی ئازاری سووتانەکەیەوە بە ئەستەم دەتوانێت کاربکات، بەتایبەت کە کارەکەی نزیکبوونەوەیە لە ئاگر. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "کاتێک نان پێوەدەدەم ئاگرم لێ نزیک دەبێتەوە زۆر ئازارم هەیە، بەس لەبەر منداڵەکانم ناچارم."
داهاتی رۆژانەی وەلید تەنیا 15 هەزار دینارە و ماوەیەکە بەهۆی وەستانی کارەوە بێ داهات ماوەتەوە.
دنیا سلێمان، هاوژینی وەلید، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باس لە نەهامەتییەکانیان دەکات و دەڵێت: " تەنیا دەمەوێ هاوژینەکەم و منداڵەکانم نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ تاوەکو هاوژینەکەم بتوانێت ئیش بکات و پارووە نانێک بۆ منداڵەکانمان پەیدا بکات."
ئازارەکانی ئەم خێزانە تەنیا بە سووتانەکەی وەلید کۆتاییان نایەت. هەشت ساڵ لەمەوبەر، دوو لە منداڵەکانیان بەناوی یوسف و نوورا، بەهۆی رژانی ئاوی گەرمەوە جەستەیان سووتا.
یوسف، کە ئێستا تەمەنی 13 ساڵە و خەونی ئەوەیە ببێتە پزیشک، دەڵێت: "ناتوانم لەگەڵ هاوڕێکانم بچمە دەرەوە چونکە شەرم دەکەم. بەشێک لە منداڵان گاڵتەم پێدەکەن."
نوورای خوشکیشی بەهۆی ئازاری شوێنی سووتانەکەیەوە ناتوانێت وەک منداڵانی دیکە یاری بکات. هەردووکیان پێویستیان بە نەشتەرگەریی جوانکارییە، بەڵام خێزانەکەیان توانای دابینکردنی تێچووەکەیان نییە.
هاوکات سەلامی کوڕە 15 ساڵانەیان بینایی چاوی کزە و قاچیشی شکاوە، نە دەخوێنێت و نە دەتوانێت کار بکات. ئەحمەدی تەمەن 8 ساڵیش گەشەی جەستەیی و مێشکی لاوازە و زەینەبی تەمەن 3 ساڵانیش بەهۆی کەمخوێنییەوە بەردەوام بێهێز و بێتاقەتە.
ئەم خێزانە لە نهۆمی سەرەوەی خانووی دایکی وەلید دەژین کە تەواونەکراوە و دەرگا و پەنجەرەی نییە. ئێستا داوایان لێ دەکرێ خانووەکە چۆڵ بکەن. دنیا دەڵێت: "ئەگەر لێرە دەرچین، دەکەوینە سەر جادە."
خێزانەکەی وەلید و دنیا نزیکەی دوو ملیۆن دینار قەرزدارن و لە ماڵەکەیاندا جگە لە تەباخێکی کۆن، هیچ پێداویستییەکی دیکەی ژیانیان نییە. ئەوان ئێستا لە رێگەی رووداوەوە داوای هاوکاری لە خێرخوازان دەکەن بۆ ئەوەی لەم دۆخە سەختە رزگاریان ببێت و چارەسەرێک بۆ ئازارە بێشومارەکانیان بدۆزرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ