رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران کە لە ئۆسترالیا داوای مافی پەنەباریەتییان کردووە، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ناوی ئەو 6 یاریزانەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران کە لە ئوسترالیا داوای مافی پەنابەرتییان کردبوو بریتین لە" زەهرا قەنبەری، عاتفە رەمەزانیزادە، فاتمە پەسندیدە، مونا حەموودی، زەهرا سەربالی و زەهرا سولتان مشکەکار".
بەپێی بەداواچوونەکانی رووداو، دوو یاریزانیان بە ناوەکانی زەهرا قەنبەری و فاتمە پەسندیدە خەڵکی کرماشانن و کوردن.
زەهرا قەنبەری، ساڵی 1992 لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و بۆ یانەی پێرسپۆلیس یاری کردووە و یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێرانە. یاریزانێکی ناسراوە و لە تیپی گازی باکووری کەرکووکی عێراقیش یاری کردووە، زەهرا بە "خانمی گۆڵی تۆپی پێی ئێرانیش" ناسراوە.
فاتمە پەسندیدەش لەدایکبووی شاری کرماشانە و تەمەنی 21 ساڵە و یاریزانی ژمارە 10ـی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێرانە.
تیپی تۆپی پێی ژنانی ئێران مانگی رابردوو، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران بۆ جامی ئاسیای ژنان گەیشتبوونە ئوسترالیا، تیپەکە دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد و دەبووایە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام لەبەر نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانی لە یاریی یەکەم دا لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە، لە ئوسترالیاش چەند هاندەرێکی ئێران هێرشیانکردە سەر پاسی هەڵبژاردەکە.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران لە جامی ئاسیا لە ئوسترالیا، سێ یارییان کرد و هەرسێ یارییەکەیان دۆڕاند، ئەوان لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و یاریزانانی هەڵبژاردەکە رووبەڕووی هەڕەشەی جیاواز بوونەوە، بۆیەش 6 ئەندامی شاندی هەڵبژاردەکە مافی مانەوەیان لە ئوسترالیا پێدرا و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نەگەڕانەوە ئێران.
تاوەکو دواسات 7 لە یاریزان و ستافی هەڵبژاردەکە داوای مافی پەنابەریان کردبوو، بەڵام یەکێکیان پەشیمانبووەوە، سەرەڕای گفتوگۆی بەرپرسانی حکومەتی ئوسترالیا لەگەڵ ئەو ژنە بەڵام ئامادەنەبوو بمێنێتەوە و گەڕایەوە وڵاتەکە، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڕەشە لەو یاریزانانە و ئەوەشی پەشیمانبووەوە لە مانەوە لە ئوسترالیا.
تۆنی بورک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "باڵیۆزخانەی ئێران لە سیدنی شوێنی مانەوەی یاریزانانی زانیبوو، بەڵام ئێمە زوو ئەو پرسەمان چارەسەرکرد، تاوەکو گوشار نەخرێتە سەر یاریزانان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ