رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەکۆی ئی-پسووڵە دوای وەستان دووبارە کەوتەوەکار و داشکاندنی 20%ـی پارەی کارەبا درێژکراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای وەستان بۆ ماوەی زیاتر لە یەک هەفتە بەهۆی کێشەی تەکنیکی، کە بووە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەکان، سیستمی ئی- پسووڵە کەوتەوە کار".
10ـی شوباتی ئەم ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی سیستمی ئی پسووڵەی رایگەیاند بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ کارەبای مانگی یەکی ئەم ساڵ، ئەوانەی لە سیستمەکەوە پارە بدەن داشکانی 20%یان بۆ دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆدا هاتووە: "حکومەت ئاگادارە لەوەی ئەم کێشە تەکنیکییە رێگربووە لەوەی هاووڵاتییان سوودمەندبن لە پاڵپشتی 20% لەسەر کۆی گشتی بڕی پسوولەی کارەبا، کە هاووڵاتییان دەیدەن لە رێگەی ئی-پسووڵە، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە بەردەوام دەبێت تاوەکو 24ـی ئادار".
بەگوێرەی حکومەت، داشکاندنەکە بۆ هاوبەشانی ماڵان دەکرێت و لە پسوولەی دواتردا بڕی پارە داشکێندراوەکەیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
حکومەت دەڵێت: "ئی-پسووڵە سەکۆی فەرمی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە رێگە بە هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان دەدات لەوەی بتوانن بەشێوەیەکی خێرا و ئاسان پسوولەکانیان ببینن و پارەبدەن لە رێگەی کۆمەڵێک کەناڵی دیجیتاڵی جیاواز".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ