رووداو - دێگەڵە
بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ زیاتر لە 30 هاونیشتمانی و کرێکاری بیانی لەنێوان هەردوو بازگەی دێگەڵە و کۆیە گیریانخواردووە.
پەری چاوی لە دەربازبوونە، ئەو لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر مامۆستای ئینگلیزییە و خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەنیازی گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵات رێگەی گرتووەتەبەر، بەڵام لەنێوان کۆیە و دێگەڵە بە تەنها ماوەتەوە.
پەری موسەوی، هاونیشتمانی دەڵێ "من شوفێرێکم پەیداکرد، بۆئەوەی لە 24 کاژێردا بگەڕێمەوە، بەڵام کە هاتم لە بازگەی کۆیە منیان گەڕاندەوە و لە دێگەڵەش ناهێڵن بگەڕێمەوە هەولێر، من بە تەنیام، ئۆتۆمبێلم نییە، لێرە خێزانێکم ناسی لە ئۆتۆمبێلەکەیان جێگەیان کردوومەتەوە کە بخەوم".
مەسعود و هاوژینەکەی کە خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، چەند رۆژێک پێش ئێستا لە رێگەی رووداوەوە حاڵی خۆیان باسکرد، بەڵام نێو ئۆتۆمبێلەکەیان ماڵ و حاڵیانە، 11 رۆژە لەنێوان دێگەڵە و کۆیە دەسوڕێنەوە، لەکاتێکدا پشتگیریی گەڕانەوەی کۆنسوڵخانەی ئێرانیشیان لایە.
مەسعود دەروێش، هاونیشتمانی دەڵێ "ئێمە ئەگەر هەڵەمان کردووە یان نا ئەوە 11 رۆژە سزا دەکێشین، داوا لە وەزیری ناوخۆ، کۆنسوڵی ئێران و پارێزگار دەکەم چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە بەڕاستی تەحەمولمان نەما".
سوڵتان دوری، کرێکاری بیانی 12 رۆژە لەگەڵ هاوڕێکانی گیریانخواردووە و دەڵێ "ئەوە کارتی نشینگەی هەولێرە، کێشەی ئێمە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ دژی کۆرۆنایە، ئێمە پشتی خۆمان بە حکومەت بەستووە بۆ چارەسەری".
وەزارەتی ناوخۆ 24 کاژێری لە کاژێر 12ی شەوی هەینی لەسەر شەممەوە دیاریکردبوو، بۆ گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی لەنێوان پارێزگاکان گیریانخواردبوو، بەڵام سێ بەشی ئەوانەی لە نێوان دێگەڵە و کۆیە گیریانخواردووە، دوای وادەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتوون، بۆیە رێنمایی و مەرجەکانی وەزارەتی ناوخۆ نایانگرێتەوە و وەکو سەرپێچیکار سەیردەکرێن، سزاکەشیان مانەوەیانە لەسەر رێگەکان، بۆیە ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان پێ نییە بە ناچاری ملی رێگەی گەرانەوە دەگرنەبەر.
محەممەد ساڵح، کاسب دەڵێ "ئێمە یەک کاژێر لە وادەی دیاریکراو درەنگتر گەیشتین، بۆیە رێگەیان نەداین، بەڕاستی حەقە ئەو بازگەیە یان بازگەی نزیک کۆیە رێگەمان بدەن بگەڕێینەوە".
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "لە ماوەی 24 کاژێرەکە هەرکەس و خێزانێک کارتی زانیاریی هەولێری پێبووبێ رێگەی گەڕانەوەی پێدراوە، دەربازبوونی گیرخواردووانیش پێویستی بە بڕیارێکی نوێی وەزارەتی ناوخۆیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ