رووداو دیجیتاڵ
بۆ وەرگرتنەوەی دەفتەری کۆبۆنی بەنزین هەندێک لە شۆفێران ماوەی سێ رۆژە سەردانی وێستگەیەک دەکەن، تاوەکو ئێستا وەریاننەگرتووەتەوە. شۆفێرەکان دەڵێن، دیاریکردنی تەنها چوار وێستگە بۆ پێدانی دەفتەری بەنزین هۆکاری قەرەباڵخیەکەیە.
عەزیز ئیسماعیل، شۆفێرێکە و چەند رۆژێکە دەچێت بۆ وەرگرتنی دەفتەری کۆبۆنی بەنزین، دەڵێت، "سێ رۆژە مامەڵەکانمان بەدەستەوەیە، کەس بەلاماندا نایەت. سیستم و رێکخراو نییە."
دوای نارەزایی خەڵک، لقی کەرکووکی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان 13 لیژنەی دیکەی زیادکرد بۆ ئەوەی خەڵک بەئاسانی بتوانن دەفتەرەکانیان بەدەست بهێننەوە. کۆمپانیاکە رایگەیاند، دەفتەری بەنزین دەکرێتە کارتی زیرەک، ئیدی بەشە بەنزینی هەفتانە بەو کارتە دابەش دەکرێت.
لقی کەرکووکی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو دڵنیا نەبن لەوەی سەرجەم شۆفێران کارتەکانیان کارا نەکردووە بڕیارەکە ناخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
عومەر حەمەساڵح، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە رووداوی گوت، "ئاگاداربن ئەو کارتە مامەڵەی پێوە نەکەن، بازرگانی پێوە نەکرێت و نەیفرۆشن، چونکە مافی هاونیشتمانیانی کەرکووک لەو کارتەدایە، ئێستا لە بەغداوە کەڤەر هاتووە کە نایلۆنێکی تایبەتە دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی کارتەکە وەک بەڵگەنامەیەک بپارێزرێت."
شۆفێران چوون بۆ ئەوەی کارتەکانیان کارابکەن، ئەو دەفتەرەی وەریانگرتووە لەگەڵ ساڵانەکەیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی هاوتا دەکرێت و بۆیان دەکرێتە کارتی هەمیشەیی، شۆفێران بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو سیستمە هەیە.
سابیر محەممەد، شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی تایبەتە و دەڵێت، "بڕیارەکەم پێباشە چونکە قەرەباڵخی و قاچاخچێتی نامێنێت."
جەلال ستار، شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی کرێیە و گوتی، "زۆر ماندوو بووین ئەگەر کارئاسانی بکات سوپاسگوزار دەبین."
ئەو کارتەی بڕیاری لەسەر دراوە، هەر لەسەر دەفتەری بەنزینەکەیە لێدەکرێتەوە و لە کەڤەرێک دەخرێت، دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئیدی شۆفێر بەشی هەفتانەی لە وێستگەکان هەیە و دەتوانێت بەچەند جارێک ئەو بەشە بەدەست بهێنێت دوای ئەوەی بڕی دیاریکراو داوا دەکات لە رێگەی سیستمەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ