ئاری هەرسین: گەڕامەوە نێو پارتی

12-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاری هەرسین، کادری پارتی دیموکراتی کوردستان دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی لە مانگی رابردوودا، ئەمڕۆ رایگەیاند، گەڕاوەتەوە نێو پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکردووە. 
 
رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوێنی لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بارزانی چوومە خزمەتیان؛ دەستلەکارکێشانەوەی منی لە ریزی رێکخستنەکانی پارتی قبووڵ نەکرد." 
 
ئاری هەرسین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر پێشنیازی سەرۆک مەسعود بارزانی، دوای قبووڵ نەکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی گەڕاوەتەوە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
لە راگەیێندراوەکە ئاری هەرسین دەڵێت: "دیدارەکە [لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا] زۆر راشکاوانە بوو، بە وردی گوێی لە بۆچوونەکانم لەسەر حیزب گرت؛ جەختیکردەوە لەسەر چاکسازی بەردەوام و فەرمووی، میللەت سەرچاوەی ئیلهامە حیزب وەسیلەیە." 
 
رۆژی 25ـی مانگی رابردوو، ئاری هەرسین رایگەیاند: "هەموو لایەک ئاگادار دەکەمەوە کە بەندە دەستم لە ئەندامێتی لە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشاوەتەوە؛ وەک چۆن بڕیاری بە پارتی بوونم (لە یەکگرتنەوەی پاسۆک و پارتی) کەسی بوو، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەشم لە پارتی بڕیارێکی کەسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە پلە و پۆست و ئیمتیازاتەوە نییە."   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە