تاڵیبان چالاکییەکانی سوێد لە ئەفغانستان قەدەخە دەکات

12-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

حکومەتی تاڵیبان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سووتاندی قورئانی پیرۆز لە سوێد فەرمانی راگرتنی هەموو چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی لە ئەفغانستان دەرکرد. 
 
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تاوەکو ئەو کاتەی سوێد داوای لێبووردن لە موسڵمانان نەکات لەسەر سووکایەتیکردن بە قورئان، هەموو چالاکییەکانی سوێد لە ئەفغانستان دەوەستێنرێت." هەروەها تاڵیبان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە کە چاو بە کارکردنیان لەگەڵ سوێددا بخشێننەوە.
 
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان سووتاندنی قورئانی لە سوێد "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنە کرد و داوای سزادانی ئەنجامدەری کارەکەی کرد. 
 
سوێد بە فەرمی لە ئەفغانستان چالاک نییە، دانی بە حکومەتی تاڵیباندا نەناوە، بەڵام بەشێک لە دامەزراوە مرۆییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان چالاکن و (کۆمیتەی سوێدی بۆ ئەفغانستان) کە زیاتر لە 40 ساڵە لەو وڵاتەدایە یەکێکە لە رێکخراوە گەورەکانی هاوکاری لە ئەفغانستان. 
 
بەپێی راپۆرتێک کە لە ماڵپەری کۆمیتەی سوێد سەبارەت بەچالاکییەکانی ئەو رێکخراوە لە ئەفغانستان بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە ساڵی 2022دا پێنج ملیۆن راوێژی تەندروستییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە پێشکێش بە خەڵک کردووە، لەوانە رەوانەکردنی 35 هەزار کەس بۆ نەخۆشخانەی پارێزگاکان و پشکنینی زیاتر لە 338 هەزار منداڵ بۆ گەشەکردن و بەدخۆراکی، کوتانی زیاتر لە 28 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە دژی نەخۆشی ئاوسانی جگەر و ئیفلیجی.
 
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022 لەو رێکخراوە سوێدییە کاریان کردووە، 2488  کەس بوون کە 1020 لەوانە ژن بوون. 
 
لە ساڵی 2023دا کۆمیتەی سوێدی بۆ ئەفغانستان خزمەتگوزاری لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و هاوکاری بۆ ناوچە دوورەدەستەکان پێشکێش کردووە. 
 
ئێستا بەهۆی فەرمانی تاڵیبان بۆ راگرتنی چالاکییەکانی دامودەزگاکانی سوێد، سەدان هەزار کەس لەو خزمەتگوزارییانە بێبەش دەبن. 
 
دەسەڵاتدارانی سوێدی تاوەکو ئێستا کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو بڕیارەی تاڵیبان نەبووە، بەڵام پێشتر حکومەتی سوێد سووتاندنی قورئانی لەو وڵاتەدا سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەو کارە "بە هیچ شێوەیەک روانگەی حکومەتی سوێد نییە."  
 
مانگی رابردوو، پەنابەرێکی عێراقی لە بەردەم مزگەوتێکی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، کۆپییەکی قورئانی سووتاند و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی بە دوای خۆیدا هێنا.   
 
ئامادەکردن: ژیلا ئەسعەد  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە