رووداو دیجیتاڵ
دایکی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قوربانی بۆ کچەکەی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی تەممووزی 2025، گەیک ئۆران-ی تەمەن 92 ساڵ، کە دایکی بەسێ هۆزات-ی هاوسەرۆکی کەجەکە-یە، بۆ عەلی حەیدەر گۆزلو، پەیامنێری رووداو لە دێرسم قسەیکرد. ئەو دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە بینینی کچەکەی لە شاشەی تەلەڤیزیۆن کە یەکەم کەس بوو چەکەکەی سووتاند. رایگەیاند، قوربانی بۆ کچەکەی دەکات.
لە وەڵامی پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری (پەکەکە) کە لە 9ـی تەممووز بڵاوکرایەوە، گرووپێکی 30 کەسی کە بەسێ هۆزات یەکێک بوو لە ئەندامەکانی، لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
گەیک ئۆران کە لە قەزای هۆزاتی دێرسم دەژی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەو رۆژەوەی کچەکەم رۆیشتووە، نەمبینیوەتەوە، زیاتر لە 30 ساڵە نەمبینیوە. واماندەزانی مردووە. چەندین ساڵە لە ماڵ دەرچووە و نەمبینیوە. هەمیشە نزام دەکرد و دەمگوت ئینشاڵڵا بە زیندوویی دەگەڕێتەوە. با ئازاد بێت و بێتەوە، بیبینم. هەمیشە نزا دەکەم، خۆزگە ئەوەی روویداوە راست بێت، بەڵام هێشتا باوەڕ ناکەم. قوربانی بۆ کچەکەم دەکەم، گیانم بە قوربانی بێت. دوو قوربانیشی بۆ دەکەم، حەوت قوربانیشی بۆ دەکەم، تەنیا با کچەکەم ببینمەوە".
یاشار یڵدز، زاوای دایکی بەسێ هۆزات، بە رووداوی گوت، "خۆشحاڵین بە هاتنی ئاشتی. دەمەوێت ئازارەکان بوەستن، خێزانەکان هەموو لێکدابڕاون، دەمەوێت ئاشتی و دیموکراسی هەبێت. زۆر دڵخۆش بووم بەم دۆخە، ئینشاڵڵا پێک شاد دەبینەوە. خۆشحاڵ دەبین ئەگەر بێنەوە و لە تورکیا سیاسەت بکەن. دایکیشی دڵخۆش بوو، ئەگەر بە کچەکەی شاد بێتەوە قوربانی دەکات، دەیەوێت ئەم ئازارانە و شەڕ بوەستێت. 35 ساڵە کچەکەی نەبینیوە".
تۆڕی میدیایی رووداو لە تەممووزی 2013دا دوای هەڵبژاردنی بەسێ هۆزات، وەك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) هەواڵێکی لەبارەی دایكی ئامادەکردبوو، کە داوای لێدەكات ئاشتی بێنێتە ئاراوە، هیوای ئەوەش خواستبوو بەر لەوەی بمرێ هۆزات ببینێ.
گەیك ئۆران، دایكی هولیا ئۆران -ی ناسراو بە بەسێ هۆزات، كە لە (گەڕەكی نوێ)ی دێرسم بە تەنیا دەژی، گوتبووی "19-20 ساڵە كچەكەم نەبینیوە، ساڵانێكە بە حەسرەتی هۆزاتەوەم، ئەو سەرچاوەی دڵخۆشبوونی منە، ئەگەر ئاشتی بێت و دیسانەوە بە كچەكەم شاد ببمەوە، 7 قوربانیی سەر دەبڕم".
دایكی بەسێ دەڵێت "من لایەنگری ئاشتیم، دەخوازم كچەكەم ئاشتی بێنێتە ئاراوە، دەمەوێ بەرلەوەی بمرم كچەكەم ببینم، بێتەوە و لە دۆخێكی ئارامدا لەباوەشی بگرم".
گەیك ئۆران، دایكی 10 منداڵە و لە ساڵی 2013 بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کردبوو لەنێو هەموو منداڵەكانیدا تەنیا بەسێی خستۆتە بەر خوێندن و لە قەیسەری قۆناخی ئامادەیی تەواوكردووە و بڕوانامەی پەیمانگای پەرستاری بەدەستهێناوە. ئاماژە بەوەش دەكات "لە پشووی هاوینی 19 ساڵ پێش ئێستا (1994) بەسێ چووەتە شاخ و نەگەڕاوەتەوە".
گۆنول یلدز، كە خوشكی گەورەی بەسێ هۆزات-ە، گوتبووی "دوای بەسێ، نورای خوشكە بچووكیشمان چووە شاخ، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا لە دێرسم كوژرا، دوای ئەوەی بەسێ چووە شاخ دایكم مانی لە خواردن و خواردنەوە گرت و دەیگوت؛ بۆ كێ خواردن درووست بكەم". باوكیشم دوای 13 ساڵ لە رۆیشتنی بەسێ كۆچی دوایی كرد".
لە كۆنگرەی نۆیەمی (كۆنگرەی گەل)ی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، كە لە 30-6-2013 تاوەكو 5-7-2013 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا سیستمی هاوسەرۆكی جێگەی سیستمی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK بگرێتەوە و (جەمیل بایك) و (بەسێ هۆزات) بە هاوسەرۆكانی كۆما جڤاكێن كوردستان هەڵبژێردران و شوێنی موراد قەرەیلان-یان گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ