رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا چوار رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای ورمێ، گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی 10 کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
یەکێک لە رووداوەکان شەوی شەممە 11-10-2025، لەسەر رێگەی پیرانشار-نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان بارهەڵگرێک و پاسێک روویداوە. حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، ''بە سەختی پێکیانداداوە و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون.''
هاوکات هەر لە پیرانشار، لە نزیک گوندی خراپە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پەیکان و ماتۆڕسکیلێک پێکیانداداوە و ماتۆڕسکیلەکە گڕی گرتووە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارەکە بە رووداوی راگەیاند، ''شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە ناوی ئەیوب ئۆفتەیە و خەڵکی گوندی خراپەیە. بەهۆی رووداوەکەوە بە سەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.''
هەروەها لەسەر رێگەی شنۆ - ورمێ، بارهەڵگرێکی بچووک (وانێت) وەرگەڕاوە و کەوتووەتە نێو دۆڵێکەوە. بەگوتەی حەمید مەحبووبی، بەوهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بووە و لەلایەن تیمەکانیانەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە.
هەر لەو ماوەیەدا لەسەر رێگەی شنۆ-ورمێ، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و پیژۆ پێکیانداداوە و بەوهۆیەوە چوار لە سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، هەر چوار بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی شاری شنۆ و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی ورمێ، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-07-2025، واتە لە چوار مانگدا، 241 کەس لەو پارێزگایە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 942 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ