کوردستان
بەگوتەی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، 12 کۆچبەرەکە بەنایاسایی چوونەتە لیبیا.
رووداو دیجیتاڵ
12 کۆچبەری دیکە لە لیبیا دۆزرانەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەیان لە لایەن باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە دەستی پێکرد.
یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "12 کۆچبەری دیکە لە لیبیا دۆزراونەتەوە کە بە شێوەی نایاسایی هاتوونەتە نێو ئەم وڵاتە و سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن".
ئەحمەد سەحاف گوتی: "دەستمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا لەبارەی بەڵگەنامەکانیان و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەیان کردووە".
دوایین کاروانی کۆچبەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان 25 کەس بوون کە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند،41 کۆچبەری دیکە بۆ گەڕاندنەوەیان ئامادەن و ئێستا لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلووسن.
کۆچبەران دەچنە لیبیا بۆ ئەوەی لەوێوە بە دەریادا بپەڕنەوە وڵاتانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ