وەزیری پلاندانان: چاوەڕوان ناکرێت بەغدا هەموو مووچەکانی ئەم ساڵ بدات

12-10-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو دەگەنە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا، مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا دەکەن، بەڵام پێیوانییە و چاوەڕوان ناکات بەغدا هەموو مووچەکانی ئەم ساڵی فەرمانبەران بنێرێت و دەڵێت، "دواخستنی ناردنی مووچە بۆ ئەوەیە هەموو مووچەکان نەدرێت."
 
ئەمڕۆ، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکرد، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی پرسی مووچە، بودجە و داهاتەکان.
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان، د. دارا رەشید گوتی: "یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پرسی نەوت بوو، کە ئێستا بەو رێککەوتنەی کراوە، کێشەی نەوت تاوەکو کۆتاییی ئەم ساڵ چارەسەر کراوە."
 
بەڵام وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا پرسی داهاتی نانەوتی ماوەتەوە کە بە بڕوای ئەو، چارەسەرکردنی ئاسانترە، چونکە "دەستوور و یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی، رێکارەکانیان بۆ جیاکردنەوەی داهاتە فیدراڵییەکان و داهاتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان زۆر روون و ئاشکرایە."
 
د. دارا رەشید رەخنەی لە تێکەڵکردنی سیاسەت بە پرسە دارایی و یاساییەکان گرت و گوتی: "ئەگەر سیاسەتی تێکەڵ نەکرێت، دەستوور زۆر بە روونیی دیاری کردووە؛ یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی روونن... بەڵام کاتێک سیاسەت دێتە نێو بابەتەکەوە، وەکو زۆر جار گوتوومانە، ئەوەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات سیاسییە."
 
لەبارەی رێککەوتنی ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بۆ بەغدا، وەزیری پلاندانان رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە بۆ مانگەکانی داهاتوو جێگیر دەبێت تاوەکو دەگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر بڕی داهاتە نانەوتییەکان."
 
هاوکات هۆشداریی دا کە ئەم بڕە پارەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و گوتی: "یاسای بودجە تەنیا مووچە نییە. ئێستا گەورەترین کێشە کە لە مانگەکانی داهاتوودا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەوەیە کە ئەگەر هەموو داهاتی نانەوتیی خۆمان کە 120 ملیار دینارە بدەینە بەغدا، ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە بەشی پێداویستییەکانی حکومەت و پڕۆژە و خەرجییەکانی بەکاربردن ناکات."
 
د. دارا رەشید دەڵێت، بەغدا تەنیا داوای داهات دەکات و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات و گوتی: "تاوەکو ئێستا یەک دیناریش لە بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، ئەو پڕۆژانەی ئێستا دەبینرێن و جێبەجێ دەکرێن، هەمووی لەسەر داهاتی نانەوتی کراون. کاتێک ئێمە مانگانە ئەم 120 ملیار دینارە بدەین، تووشی کێشەیەکی گەورە دەبین."
 
سەبارەت بە دواکەوتن و ئەگەری فەوتانی مووچەی فەرمانبەران، وەزیری پلاندانان نیگەرانیی خۆی نیشان دا و گوتی: "یەکەمجار نییە حکومەتی فیدراڵی مووچە دوادەخات. هەموومان دەزانین کاتێک مانگی دوازدە دێت، دەڵێن ساڵی دارایی کۆتایی هاتووە و داخراوە. ئەمە یەکەمجار نییە و پێشبینیش ناکەم دوایین جاریان بێت." گوتیشی: "پێشتر ساڵانە دوو بۆ سێ مووچەی کوردستانیان دەفەوتاند، بەڕاستی ئەوە ناڕەواییە. لەبەرئەوەی ئەزموونی ناخۆشمان هەیە، پێشتریش فەوتاوە، واتە ساڵ نەبووە دوو مووچە نەفەوتێت."
 
لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. دارا رەشید رایگەیاند: "پێموایە ئەگەر بەشێوەیەکی ژیرانە مامەڵە بکەین، پێویستە ئەمجارە یەکێتی و پارتی ببنە دوو هێزی سەرەکی لەناو حکومەت و ببنە دوو هاوبەشی راستەقینە لە هەموو کەرتەکاندا."
 
وەزیری پلاندانان جەختی لەسەر بەڵێنەکانیان بە هاووڵاتییان کردەوە و گوتی: "ئێمە لە هەڵبژاردندا بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان داوە، تاوەکو دڵنیا نەبینەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە، نامانەوێت حکومەتێک پێکبهێنین کە دووبارە تووشی هەمان کێشەکانی رابردوو ببینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.