رووداو دیجیتاڵ
بە گوژمەی 423 ملیۆن دۆلار، گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان - سلێمانی واژۆ کرا. پڕۆژەکە توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە رۆژێکدا دەبێت و پێشبینی دەکرێت بۆ نزیکەی 30 ساڵ کێشەی کەمئاویی سلێمانی چارەسەر بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە وەزارەتی شارەوانی لە هەولێر، رێوڕەسمێک بۆ واژۆکردنی گرێبەستی دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکار رێکخرا.
پرۆژەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
هەژار مەجید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هابیکا، رایگەیاند کە پڕۆژەکە بە گوژمەی 423 ملیۆن دۆلار و بە درێژایی 122 کیلۆمەترە و دەبێت لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا تەواو ببێت.
هەژار مەجید لەبارەی دەستپێکی کارەکانەوە گوتی: "پلانمان ئەوەیە لە ماوەی مانگ و نیوێکدا دوای هەندێک رێکاری ئیداریی، دەست بە پڕۆژەکە بکەین."
پڕۆژەی هێڵی 3ی دووکان - سلێمانی لە سەرچاوەی ئاوی دووکان و لە نزیک قەشقۆڵییەوە ئاو وەردەگرێت و لە نزیک هێڵەکانی 1 و 2 کاری پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بۆ دەکرێت.
کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، ئاماژەی بە قەیرانی ئێستای ئاو دا: "ئێمە ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوەوە توانای دابینکردنی نیوەی ئاومان هەیە."
ناوبراو دڵنیایی دا کە: "بە تەواوبوونی هەموو قۆناخەکانی پڕۆژەکە کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەبێت."
ئێستا لە سلێمانی 15 گەڕەک کە دەکاتە نزیکەی 15%ی هەموو شارەکە، تۆڕی ئاویان نییە و بە تانکەر هەفتەی جارێک ئاویان بۆ دەبرێت، هەزاران ماڵیش بە تانکەر ئاو دەکڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ