ژمارەیەک مەڕدار دەیان دار لە چیای هەندرێن دەبڕنەوە

12-12-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چیای هەندرێن و دەوروبەری و بەدیاریکراوی لە سنووری رواندز، ژمارەیەک مەڕدار بەشێک لە درەختەکانی ئەو سنوورەیان بۆ دابینکردن خۆراک بۆ ئاژەڵەکانیان بڕیوەتەوە. 
 
هاونیشتیمانییەکی ئەو سنوورە دەڵێت "بە سەدان درەخت دەبن بڕدراونەتەوە"، هەروەها قایمقامی رەواندز دەڵێت: "ژمارەی درەختەکان زۆر کەمن و لە چیاکانن"، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی رواندزیش ئاماژە بەوە دەکات بە چوار بنکەی دارستانی چوار ناحیە یەک ئۆتۆمبێلیان هەیە و ناتوانن وەکو پێویست کارەکانیان بکەین.
 
بەپێی ژمارەیەک وێنە کە لەلایەن هاونیشتیمانییەکەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، دەردەکەوێت ژمارەیەک مەڕداری سنووری رەواندز لە چیای هەندرێن و لە گوندی ماویلیان تاوەکو سنووری جوندیان ژمارەیەکی زۆر درەختیان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان، بەتایبەت لەناوچە شاخاویی و دوورەدەستەکان بڕیوەتەوە.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز، ئەمڕۆ یەکشەممە 12-12-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی درەختەکان ئەوەندە زۆرە نییە کە سەتان بن و گوتی: "بەڵکو چەند درەختێکی کەمن و لەبەر ئەوەی لە شوێنە دوورەدەستەکانن بە ئاسانی بکەرەکان نادۆزرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەدواداچوونی خۆمان دەکەین و هەر کەسێک درەخت ببڕێتەوە لەو ناوچانە سزای تووند دەدرێت".
 
چیای هەندرێن لە سنووری پارێزگای هەولێرە، دەکەوێتە سنووری قەزای رواندز، لە رۆژئاوادا لە قەزای رواندزەوە درێژدەبێتەوە تاوەکو لە گوندی "دەرگەڵە" لە رۆژهەڵاتییەوە کۆتایی دێت .
 
موقەدەم ئەمیر خۆشەوی، بەڕێوەبەری دارستانی رواندز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەبەر ئەوەی کەمی ئامێر و ئۆتۆمبێلمان هەیە ناتوانین بڕۆینە هەموو شوێنێک و مەفرەزە زوو زوو دەربکەین، ئێمە بە چوار بنکە و بەڕێوەبەرایەتی و بەشێک یەک ئۆتۆمبێلمان هەیە، بۆیە ئەگەر ئۆتۆمبێلی زیاترمان هەبێت باشتر دەتوانین کار بکەین و رێگە لە بڕینەوەی درەخت بگرین". 
 
بەڕێوەبەری دارستانی رواندز روونیدەکاتەوە هەرکەس ئەو کارانە بکات بە تووندترین شێوە سزا دەدرێت، "ئێمە یەکسەر ئەو کەسانە دەستگیردەکەین کە درەخت دەبڕنەوە، پێشتر چەند مەڕدارێک بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە نابێت درەخت ببڕنەوە".
 
هەروەها حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی بڕینی درەختەکانی رواندزەوە پێنەگەیشتووە.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان، لەمساڵدا چەندین کەس بەهۆی بڕینەوەی درەخت دەستگیرکراون و سزادراون، لە ئایاری 2021یشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕینەوەی درەخت لە کوێستانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بە فەرمی ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە، کە کۆتایی بە بڕینەوەی درەختەکان لە ناوچە سنوورییەکان بێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە