نرخی غاز و نەوتی ماڵان زیادیکردووە؛ لە دهۆک بە 10 رۆژ بووتڵێک غازت بەردەکەوێت

12-12-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
غاز فرۆشێک لە هەولێر لەکاتی کارکردن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
غاز فرۆشێک لە هەولێر لەکاتی کارکردن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن غاز نەوتی سپیی ماڵان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان وەرزی زستان نزیکبووەتەوە و رۆژ بە رۆژ پلەی گەرما دادەبەزێت، بەڵام نرخی سووتەمەنی بە بەرزی ماوەتەوە و نرخی غازیش گرانتر بووە. لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک کێشەی کەمی و نەبوونی غاز هەیە، لە هەولێر کێشەکە کەمترە بەڵام نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. 
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، نرخی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان 150 بۆ 175 هەزار دینارە، ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەت هێشتا نەیتوانیوە نەوت بە بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان بدات و تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی بە دابەشکردن کردووە و هێشتا
نەگەیشتووەتە شار و شارۆچکەکان.
 
ئێستا نرخی غازی حکومی، هەشت هەزار و 500 دینارە، بەڵام غازی بازرگانی لەنێوان 12-14 هەزار دینارە و غازە حکومییەکەش بەشی پێویستی نێوخۆیی ناکات. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، حکومەت نرخی غازی دیاریکردووە کە هەشت هەزار و 500 دینارە، بەڵام غازی بازرگانی نرخەکەی بەرزترە.
 
هەرچەندە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڵێنیدا لە سەرەتای وەرزی سەرمای ئەمساڵدا نەوت بەسەر هەموو هاونیشتمانیاندا دابەشدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمتر لە 20%ـی هاونیشتمانیان نەوتیان وەرگرتووە.
 
بەهۆی نەبوونی غاز بە زۆپا خۆراک ئامادە دەکەن
 
لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە دوو مانگە کێشەی کەمی و دەستنەکەوتنی غازی ماڵان دروستبووە و بەردەوامە، ئەو بەشە غازەی بۆ دهۆک دانراوە بەشی پێداویستیی پارێزگاکە ناکات، بۆ دەستکەوتنی غازیش هاونیشتمانییان ناچارن نۆرە بگرن و زۆرجاریش نۆرەکەیان تاوەکو 10 رۆژی پێدەچێت.
 
هاونیشتمانییەک لە دهۆک کە لەبەر نەبوونی غاز بە زۆپا خۆراک بۆ خۆی و خێزانەکەی ئامادە دەکات بە رووداوی گوت، پێشتر تەلەفۆنیان بۆ بریکارەکانی غاز دەکرد و پێی دەگوتن کە سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت تاوەکو بووتڵی غازەکەیان بۆ پڕبکاتەوە، "بەڵام ئێستا تەلەفۆنمان بۆ کرد و گوتی بە 10 رۆژی دیکە پێتان دەگاتەوە."
 
رۆژانە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان هەشت تەنکەر غاز دەگاتە گۆڕەپانی دابەشکردنی غاز لە پارێزگاکە، کە ئەوەش بە گوتەی هاونیشتمانیانی دهۆک کەمە و بەشیان ناکات، بۆیە داوا دەکەن بکرێتە 10 تەنکەر. 
 
لە دهۆک 275 هەزار سەرۆک خێزان هەن، لەدوای دروستبوونی کێشەی کەمیی غاز، هەر 21 رۆژ جارێک بووتڵێک دەگاتە هەر خێزانێک. 

 

 
پێشتر گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا ھەیە کە بە سێ قۆناخ نەوت بگاتە ھەرێمی کوردستان و بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش بکرێت، بەڵام پرۆسەی گەیشتنی نەوت لە بەغداوە سستە و پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکەدا بکات و پەلە بکرێت لە رۆژانی داھاتوو پرۆسەی دابەشکردن خێراتر بکرێت.''
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەولێریش هاوشێوەی سلێمانی و دهۆک نرخی غاز گرانبووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی غازی ماڵان کەمببێتەوە. ماوەی دوو مانگە نرخی غازی ماڵان کە بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت، گەیشتووەتە 12 بۆ 14 هەزار دینار، بەڵام نرخی غازی حکومی بە هەشت هەزار و 500 دینارە. 
 
هەولێر رۆژانە پێویستی بە 400 تۆن غاز هەیە، بەڵام 280 بۆ 300 تۆن غاز دەگاتە سنووری پارێزگاکە کە بەشی پێداویستیی خەڵک ناکات. جگە لە غازیش، نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. نرخی هەر بەرمیلێک بە 170 هەزار دینارە. 
 
بازرگانێکی نەوت بە رووداوی گوت، چەند جۆرێک نەوت هەن کە نرخەکانیان لەنێوان 160 بۆ 175 هەزار دینارە. ئەو بازرگانە گوتیشی، نەوتەکان لە رێگەی بەغداوە دێن کە "جۆرێکی باشن."
 
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت دابەش نەکات، نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە، "ئەگەر دابەشیشی بکات نرخەکەی تاوەکو 60 هەزار دینار دادەبەزێت."
 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ئەمساڵ 100 ملیۆن لیتر نەوت دابەش بکات، ئێستا دابەشکردنی نەوت لە سنووری ئیدارەی سۆران گەیشتووەتە سەنتەری قەزای سۆران و دواتریش دەگاتە قەزای شەقڵاوە. تاوەکو ئێستاش حکومەت زیاتر لە 13 ملیۆن لیتری دابەشکردووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەمیانی بەشداریکردن لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی رووداو کە سنوور مەجید پێشکێشی دەکات گوتی، لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی کەرتی سووتەمەنی راگرتووە کە نەوتی سپی لەو چوارچێوەیەدایە، بۆیە ساڵانە کێشەی دابەشکردنی نەوت هەیە. 
 
بە گوتەی عەلی کەریم، بۆ ئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێبدرێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 250 ملیۆن لیترە و لە سنووری پارێزگای سلێمانیش پێویستیان بە زیاتر لە 110 ملیۆن لیترە. 
 
سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ نەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە و "نایشی نێرێت."
 
جگە لە غاز و نەوت، کێشەی کەمبوونەوەی کارەباش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمبوونەتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارهەڵگرێک لە هەولێر کە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی نوێی بارکردووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل قەدەخە کرا و مەرجی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دانرا

وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی راگەیاند، کە لەمەودوا قەدەخەکردنی مۆدێلی ساڵانە لە 1ـی مانگی 11ـەوە دوو مانگ پێش دەخرێت. راشیگەیاندووە، هاوردەکردنی ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایە بۆ چوار ساڵی داهاتوو قەدەخەیە و "هاوردەکردنی توک تۆک بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە".