رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکانیان کە بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدە یان هەرزانکردنی گازوایلە بۆیان، خاوەن موەلیدەکانی شارۆچکەی شۆڕش بایکۆتیان راگەیاند و چەند کاژێرێک کاریان بە موەلیدەکانیان نەکرد، بەڕێوەبەری شارۆچکەکە دەڵێت، شەوان کارەبای گشتییان نییە و ئەگەر موەلیدەکان کار نەکەن بێکارەبا دەبن و سزایان دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-12-2023، هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری شارۆچکەی شۆڕش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای ئەوەی لە کارەبای گشتیی هەرێمی کوردستان کوژاندنەوەی گشتی روویدا، کاتەکانی پێدانی کارەبا لە شارۆچکەکەیان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و ئێستا بەشەوان کارەبای نیشتیمانی نییە و دەبێت موەلیدە ئەهلییەکان کارەبا دابین بکەن، ئەوانیش ناڕازین لە گۆڕانکارییەکە."
خاوەن موەلیدەکانی شۆڕش گوتوویانە، لە بەرامبەر ئەوەی کە شەوان لە کاژێر 05:00ـی ئێوارە بۆ 12:00ـی شەو کاربکەن، دەبێت پارەی ئەمپێریان بۆ زیاد بکرێت، یان نرخی گازوایل بۆ موەلیدەکانیان هەرزان بکرێت.
خاوەن موەلیدەکان لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەیان چەند کاژێرێک کارەبایان لەسەر خەڵکی شارۆچکەکە بڕی، دوای گفتوگۆ و دانوستاندنی بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش لەگەڵیان، کارەبایان بۆ خەڵک گەڕاندەوە، بەڵام نیگەرانییەکەیان بەردەوامە و سوورن لەسەر داواکارییەکەیان. بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش دەڵێت، "داواکەیان ناڕەوایە و نابێت لەسەر خەڵکی هەژار کرێی ئەوان زیاد بکرێت."
شارۆچکەی شۆڕش دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە و سەر بە پارێزگای سلێمانییە.
لە هەرێمی کوردستان لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدە ئەهلییەکان کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا هاوکار بووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ