رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "بە جیدی و خێرایی" لەگەڵ هاوبەشەکانی لە هەولێر و بەغدا کار دەکات بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگری بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی هەستیاری هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان؛ داوای لە عێراقیش کرد رووبەڕووی "پارەدارکردنی نایاسایی" و "دزینی سامانی عێراق" ببنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 11-12-2025، جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە بەغدا، کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداویش ئامادەی بوو، رایگەیاند، "دوورخستنەوەی میلیشیاکان و گرووپە تیرۆریستییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە حکومەتی داهاتووی عێراق، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی هاوبەشیی ستراتیژی." هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد رووبەڕووی هەوڵەکانی تاران ببنەوە "بۆ پارەدارکردنی نایاسایی و دزینی سامانی عێراق".
سیستمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان
کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگەی سلێمانی کرایە ئامانج، هێرشەکە زیانی بە کۆگەیەک گەیاند و نزیکەی 80٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک پەکخست.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو کات داوای لە ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد "کەرەستەی بەرگریی پێویست دابین بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی سڤیل."
دیپلۆماتەکەی ئەمریکا لە بەغدا دووپاتی کردەوە کە واشنتن سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تیرۆریستییە قێزەونە" دەکات و گوتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیی بەردەوامدان و کار دەکەن بۆ "ناردنی ئەو سیستمانەی کە ژێرخانی هەستیار دەپارێزن" بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی، کە بە مووشەک و درۆن هەڕەشە لە سەقامگیری و هاوکاریی ئابووری دەکەن.
هاریس ئاماژەی بەوە کرد پێویستە سەرچاوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، کە بریتییە لە: "بڵاوبوونەوەی توانای سەربازی لە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە هەڕەشە لە سەلامەتیی ئەمریکی و عێراقییەکان دەکات."
"نابێت میلیشیا لە حکومەتدا بێت"
عێراق لە مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی کرد و لایەنەکانی چوارچێوەی هاواهەنگی زۆرینەی کورسییەکانیان مسۆگەر کرد، کە بەشێک لە حیزبەکانی نێو چوارچێوەکە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانن و لەلایەن واشنتنەوە سزایان لەسەرە (وەک بزووتنەوەی سادیقوونی نزیک لە عەسائیب؛ حقوقی نزیک لە کەتائیب حیزبوڵڵا و هاوپەیمانیی خزمەتی نزیک لە کەتائیب ئیمام عەلی).
بەرپرسی کارەکانی ئەمریکا مەرجەکانی واشنتنی بۆ هاوکاریی عێراق بە ڕوونی خستەڕوو: "زۆر بە روونی بە هاوبەشە عێراقییەکانمان گوتووە؛ بەشداریکردنی میلیشیاکان یان گرووپە تیرۆریستییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا لەگەڵ هاوبەشیی بەهێزی ئەمریکا و عێراق یەکناگرێتەوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە مەترسی دەخاتەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەکە."
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا هێزی سەربازی بەکاردەهێنێت ئەگەر بکرێتە ئامانج، هاریس گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هەر رێکارێک پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەیگرێتەبەر. سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە و دیدگەی خۆی بۆ ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە خستووەتەڕوو."
لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی ئێران لە عێراقیشەوە، واشنتن تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە "دەیەوێ سامانی عێراق بدزێت" بۆ پارەدارکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە.
کابینەی دەیەم
سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە نێوان پارتی و یەکێتی، بەرپرسی کارەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە نزیکەوە چاودێری دەکات و گوتی: "پێویستە ئەم گفتوگۆیانە بە خێرایی بەڕێوە بچن."
هاریس ستایشی "هاوبەشییە زۆر تایبەتەکەی" لەگەڵ هەولێر کرد و رۆڵی سەرکردایەتیی کوردی بە "یەکلاکەرەوە" وەسف کرد.
کۆتایی مانگی ئەیلوول، بە ئاسانکاریی ئەمریکا، رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا بیانییەکان کرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
هاریس پشتڕاستی کردەوە کە رێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئاشکرای کرد: "هەندێک بەرپرس لە وەزارەتی نەوتی عێراق زنجیرەیەک رێکاریان گرتووەتەبەر کە بوونەتە هۆی رێگریکردن و پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە."
گوتیشی: "ئێمە لە گفتوگۆی کاراداین لەگەڵیان و بابەتەکە پێویستی بە گرنگیپێدانی بەپەلە هەیە. چاوەڕوانین هاوبەشە عێراقییەکانمان پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە داویانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ