رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی دابەشکردنی زیاتر لە 2000 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەر ئەو ژنە ئێزدییانە دەستیپێکرد، کە لە دەستی داعش رزگارکراون.
ئەو رێکارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش بەڕێوەدەچێت، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقە.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "قۆناخی دووەمی رێکارەکانی دابەشکردنی ئەو زەوییانە لە رۆژی 11ی کانوونی یەکەم دەستیپێکردووە، کە زیاتر لە دوو هەزار ژنی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش لێی سوودمەند دەبن."
دابەشکردنی ئەو زەوییانە بەگوێرەی یاسای ژنانی رزگاربووی ئێزدییە، کە لە ساڵی 2021 پەرلەمان پەسندی کردووە و قەرەبووی ماددیی ئەو ژنانە دەکاتەوە، کە لە دەستی داعش رزگارکراون.
حەسەن خەوام رایگەیاند، قۆناخی یەکەم 262 زەوی بەسەر ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش دابەشکراون و ئەوەی لە قۆناخی دووەم دابەش دەکرێت لە سنووری پارێزگای نەینەوایە.
ساڵی 2014 چەکدارانی داعش پەلاماری قەزای شنگالیان دا لە سنووری پارێزگای نەینەوا و هەزاران ژن و کچی ئێزدییان رفاند و وەک کەنیزە مامەڵەی لەگەڵ کردن.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، فەرمانگەی تایبەت بە کاروباری ژنانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش لە نەینەوا دەکرێتەوە، کە تایبەت دەبێت بە کاروباری هاوکاریکردنیان و شیاندنەوە و راهێنان و گەشەپێدانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ