خوێندنی باڵا سێ گرووپی خوێندکاران لە کرێی ماوەی درێژکردنەوەی خوێندن دەبەخشێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ناوچە دابڕێنراوەکان و سێ یەکەمەکان دەرکرد؛ هەرسێ گرووپەکەی خوێندکاران لە زانکۆکان لە کاتی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، لە پێدانی کرێی خوێندن دەبەخشرێن.
 
رۆژی سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خوێندکارانەی لە ماوەی یاسایی و دیاریکراوی خۆیاندا ناتوانن نامەی ماستەر یان تێزی دکتۆراکەیان تەواو بکەن، کاتێک ماوەی خوێندنیان بۆ درێژ دەکرێتەوە، بەپێی یاسا دەبێت کرێی خوێندن بدەن، بەڵام وەزارەت بڕیاری داوە سێ گرووپی تایبەت لەو کرێیە ببەخشێت."
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومەییەکان کراوە، ئەو خوێندکارانەی لە ساڵی خوێندنی (2023-2024) لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) وەرگیراون و ئەم سێ مەرجەیان تێدایە، لە کرێی درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن دەبەخشرێن:
 
خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
سێ یەکەمە دانەمەزراوەکانی سەر ئاستی بەش و کۆلێژەکان.
 
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشتر بەشێک لەو خوێندکارانە بەهۆی تەواونەکردنی خوێندنەکەیان لە کاتی دیاریکراودا، دەبوو بڕە پارەیەک وەک کرێی خوێندن بدەن، بەڵام دوای رەزامەندیی وەزارەت و زانکۆکان، بڕیار درا بە تەواوی لەو کرێیە ببەخشرێن بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ گرفتە دارایییەکان درێژە بە توێژینەوەکانیان بدەن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە