رووداو دیجیتاڵ
لە پشکنینێکی دوو مانگی لە گوندی بەگارەی سنووری حەویجە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە.
یاسەمین مونزڕ، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەڵێت: "لە بەشێک لە خێزانەکان نموونەی خوێن و زانیاری وەرگیراوە. بە پشتیوانی خودا، هەفتەی داهاتوو درێژە بە هەڵمەتەکە دەدەین تاوەکو نموونەی هەموو خێزانەکان وەربگرین. ئەگەر گۆڕی دیکەش بدۆزرێتەوە و رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا بێت، بێگومان هەڵمەتی دیکەمان دەبێت."
باوکی پێشمەرگەیەک کە ماوەی 10 ساڵە بە شوێن رووفاتی کوڕەکەیدا دەگەڕێت، دەڵێت: "هەموو رۆژێکمان ناخۆشە. هەر هەواڵێک یان زەنگی تەلەفۆنێک دڵمان رادەچڵەکێنێت. ئاواتەخوازم تەرمی کوڕەکەم دەست بکەوێت. شەهیدبوونی ئەو شانازییە بۆ ئێمە و خۆم و سێ کوڕەکەی دیکەشم ئامادەین خۆمان لەم پێناوە دا بەخت بکەین."
لە ساڵی 2015دا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە بارزانی کوڕی و سێ پێشمەرگەی دیکەی شەهید کرد.
لە کەرکووک نزیکەی 35 پێشمەرگە بە دیلی کەوتنە دەست داعش. شێروان قادر، برای یەکێک لە پێشمەرگە بێسەروشوێنەکان دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا ئێستا زۆر گەشبینین کە ئەو تەرمانە دۆزراونەتەوە و هیوادارین تەرمی کوڕەکەی ئێمەشی تێدا بێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە کوڕەکانمان گۆڕێکیان هەبێت و بتوانین سەردانی بکەین، سەبووری دڵمان بدەینەوە."
رۆژی یەکشەممە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، نموونەی خوێنی کەسوکاری پێشمەرگە بێسەروشوێنەکان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ناسنامەی رووفاتەکان ئاشکرا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ