رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش دەڵێت، یەکێک لەو بەرپرسانەی داعش کە پێشمەرگەی بەدیل گرتبوو، ئێستا ئازادانە لە حەویجە دەژی و بەڵگەی پێویستمان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەک نەکراوە.
عیرفان بەرزنجی، نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "یەکێک لەو بەرپرسانەی داعش کە لە حەویجە پێشمەرگەی بەدیل گرتبوو بەناوی (ق. س. و) ئێستا بە ئازادانە لە حەویجە نیشتەجێیە و هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵ ناکرێت.
نوێنەری کەسوکاری پێسمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش دەشڵێت، "(ق . س . و) یەکێک بوو لە گەورە بەرپرسەکانی داعش و ساڵی 2016 دانوستاندنی لەگەڵ ئێمە دەکرد لەبارەی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان، بەڵام دواتر و دوای ئازادکردنی حەویجە و دەستگیرکردنی، ئازادکرا و ئێستا ئازادانە لە حەویجە دەژی."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا عیرفان بەرزنجی باسی سەردانێکی خۆیان بە نوێنەرایەتی کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکان بۆلای فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کرد و گوتی: "کاتێک چووینە لای سەرۆککۆمار و باسی دیلەکانی پێشمەرگەم بۆ کرد، "سەرۆککۆمار پێکەنی و گوتی، بۆچی پێشمەرگەی دیلمان هەیە؟" جگە لەوەی ئاگای لە بەدیلگرتنی پێشمەرگەکان نەبوو، "کاتێکیش ویستمان بڕۆین فوئاد مەعسووم سێ ناوی دامێ گوتی ئەمانە حیمایەی منن و دیار نەماون، بەڵکو سۆراخێکمان بۆ بکەیت بزانیت چییان بەسەرهاتووە".
بە گوتەی بەرزنجی، ئەوان دڵنیان کە رووفاتی پێشمەرگە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی حەویجەدایە. دەڵێت گرفتێک لە پشکنینی (دی ئێن ئەی) کەسوکاری پێشمەرگە بێسەروشوێنەکان هەیە و وەکو پێویست هەموو پشکنینەکان ئەنجام نەدراون و زانیارییەکان تۆمار نەکراون، چونکە تێچووی هەر پشکنینێک نزیکەی هەزار دۆلاری ئەمریکییە و حکومەتی عێراق ئامادەنەبوو تێچووی پشکنینەکان لە ئەستۆ بگرێت.
ئەو نوێنەرە گوتیشی، کەمتەرخەمی زۆر لە بەدواداچوونی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان هەیە و تەنانەت ئاماری هەڵە لەبارەیانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ئەو گوتانەی نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش لە کاتێکە لە گوندی بەگارەی حەویجە گۆڕی بەکۆمەڵی 17 پێشمەرگە دۆزرایەوە و ئەگەر زۆرە ئەو پێشمەرگانە بن کە بە دیلی کەوتنە دەست داعش.
یاسەمین مونزیر، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "نموونەی خوێن لە کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان وەرگیراوە، ئەوانەی لەم ناوچەیە شەهید بوون یان سۆراخیان نییە، تاکو بە دی ئێن ئەی ناسنامەی رووفاتەکان بناسرێتەوە."
حەویجە قەزایەکی عەرەب نشینی کەرکووکە، لە 2014 تاوەکو 2017 لەژێر دەسەڵاتی داعش بوو و بەرەیەکی فراوانی پێشمەرگە لە نزیک حەویجە هەبوو و بەردەوام شەڕ روویدەدا، هەر ئەو بەرەیەی پێشمەرگە لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک رێگربوو لەوەی داعش کەرکووک بگرێت. ساڵی 2014 ژمارەیەک پێشمەرگە لە شەڕی داعش بە دیل گیران، داعش ئەوکات بە ڤیدیۆ لە ناو قەفەسدا و بە دیلی و جلی پرتەقاڵییەوە گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ